پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەزیری وزەی تورکیا دەهێنێتە بەغدا

22-11-2023
زیاد ئیسماعیل
پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانی عێراق و تورکیا
پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانی عێراق و تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو پرسی پەیوەست بە هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئالپ ئەرسەلان، وەزیری وزەی تورکیای هێنایە بەغدا.
 
لێخۆشبوونی ئەو ملیار و 400 ملیۆن دۆلارەی دادگە وەکو قەرەبوو سەپاندوویەتی بەسەر تورکیا لەگەڵ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان ئەو دوو پرسە بوون کە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
 
عەلی مەشکور، ئەندامی لیژنەی نەوتە لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی لێخشبوون لە پارەی قەرەبووەکە رایگەیاند، "ئەمە پارەی عێراقە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە دەستبەرداری بێت، بەبێ لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کێ هۆکار بووە، بە لایەنی تورکیش دەڵێم ئێمە بڕیارەکەمان دەرنەکردووە بڕیارەکە نێودەوڵەتییە."
 
لە کۆبوونەوەی لیژنەی هاوکاریی ئابووری هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیادا، هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە بازرگانی، سنوور و ئاو هەیە باسکران، لە هەمووشیان زیاتر بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان مژاری گەرمی کۆبوونەوەکە بوو، لە کاتێکدا ئەمە 19یەمین کۆبوونەوەی نێوانیانە. 
 
محەممەد بەلداوی، سەرۆکی لیژنەی پلانی ستراتیژی دەڵێت، "ئەوەی پەیوەندی لێک تێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیەوە هەیە کۆمەڵێک گفتوگۆ و دانوستاندن کراوە لەم ماوەیە و گەیشتووەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو، ئێستا بەربەستی سەرەکی لایەنی تورکیە کە پەیوەندیدارە بەم پرسە"
 
هەرچەندە دواجار رێککەوتنی کۆتایی نەکرا، بەڵام عێراق دەیەوێت هەرچۆنێک بێت قەبارەی زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەوە زیاتر نەبێت، تورکیاش نایەوێت چیتر بۆرییەکانی بەندەری جەیهان بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان خاڵی بێت.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە