دوو رۆژە ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر گرووپەکانی چەکدارەکانی 'نزیک لە ئێران'

رووداو دیجیتاڵ 

پێچەوانەی ماوەی رابردوو، ئەمریکا لە دوو رۆژدا دوو جار هێرشی کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکانی "نزیک لە ئێران" لە عێراق.
 
سێنتکۆم، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، "بەرەبەیانی رۆژی 22ـی تشرینی دووەم، هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا هێرشی وردیان بۆسەر دوو بنکە ئەنجامدا. هێرشەکان لە وەڵامی راستەوخۆی ئەو هێرشانەدا بوون کە کرانەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە لایەن ئێران و  گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە، لە نێویاندا ئەو هێرشەی رۆژی 21ـی تشرینی یەکەم لە عێراق بە مووشەکی بالیستی کورت مەودا ئەنجامدرا."
 
یەک رۆژ بەر لەوە لە 21ـی ئەم مانگە سوپای ئەمریکا هێرشیکردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی "میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێران"ـەوە و بەهۆیە ژمارەیەک چەکدار کوژران.
 
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات هێرشەکان لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردنن و بە فڕۆکەی جۆری ئەی سی-130 ئەنجامدرا.
 
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، "دەتوانم هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق پشتڕاستبکەمەوە کە شەوی رابردوو لەلایەن میلیشیای نزیک لە ئێرانەوە بە مووشەکی بالیستی کورت مەودا ئەنجامدرا و بەهۆیەوە چەند کەسێك بە سووکی برینداربوون و زیانێکی کەمیش بە ژێرخانی بنکەکە گەیاند. دەستبەجێ لەدوای هێرشەکە فڕۆکەی جۆری ئەی سی - 130 هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و چەند چەکدارێكی ئەو گرووپانە، ئەم هێرشە کوژرانی چەند کەسێكی لێکەوتەوە."
 
رۆژی چوارشەممە 22-11-2023، دەستەی حەشدی شەعبی راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارگاکانیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "کاژێر 2:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2023، ژمارەیەک لە پێگەکانی دەستەی حەشدی شەعبی رووبەڕووی دەستدرێژیی ئەمریکیی ستەمکارانە بووەوە و بەهۆیەوە هەشت شەهید و چوار برینداری لێکەوتەوە."
 
بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەکەوێتە رۆژئاوای عێراق؛ ناوچەی جورف سەخرە ئەو ناوچەیە ئەمریکا دوایین هێرشی لێ ئەنجامدا کە نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە عەین ئەسەدەوە دوورە.
 
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی غەززە، هێرشی سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا زیادیان کرد بە جۆرێک کە لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە، زیاتر لە 50 هێرش کراونەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و پێنتاگۆن هۆشداری لە هەڵکشانی زیاتری هێرشەکانی دابوو.
 
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "لەو رۆژەی کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و شەڕەکە دەستیپێکرد هێرشەکانی سەر بنکەکانمان لە ناوچەکە زیادیان کردووە و پێشبینی هەڵکشانی زیاتر دەکەین."
 
بەگوتەی چەند بەرپرسێكی بەرگری ئەمریکا؛ لەسەردەمی ئیدارەی بایدن هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران نزیکەی 150 جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.