سوودانى: ئامادەین بۆ دۆزینەوەى چارەسەر بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەیرانى عێراق ئامادەیی حکومەتەکەى دەربڕى بۆ دۆزینەوەى چارەسەر بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیا.
 
رۆژی 22ـی تشرینى دووەمى 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کاتى پێشوازیکردنی لە ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیرى وزە و سامانە سرووشتییەکانى تورکیا رایگەیاند، حکومەتەکەى ئامادەیە چارەسەر بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت بدۆزێتەوە و دەڵێت "عێراق پشت بە چارەسەرى دادوەرانە دەبەستێت لە ژێر سایەى دەستووردا لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە جیاوازەکانى وڵاتانى دراوسێ."
 
رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا و تاوەکو ئێستا دەستى پێنەکردووەتەوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیرى وزە و سامانە سرووشتییەکانى تورکیا، باسیان لە بەردەوامى دیدار و هاریکارى نێوان عێراق و تورکیا کردووە لە بوارى وزە و پێشخستنى و بەردەوامى کارکردن لە دۆسیەى هەناردەى نەوتى عێراق لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە. 
 
 سوودانى ئاماژەى بەوەشداوە، کە چاوەڕێى هاوکارى زیاتری تورکیان لە دۆسیەى ئاو و پشکى ئاوى عێراق.