کارتی ئینتەرنێت و مۆبایل هەرزان دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا کە 20٪ی باجی سەر کاتی مۆبایل و ئینتەرنێت هەڵبگیرێت و بەوشێوەیەش نرخی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت هەرزان دەبێت. 
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، 22-11-2022یدا بڕیارەکەی دا، نرخی کارتێکی پێنج هەزاری لە شەش هەزار و 250 دینارەوە دەبێتە پێنج هەزار و کارتی 10 هەزاریش لە 12 هەزار و 500 دینارەوە دەبێتە 10 هەزار. 
 
لەبارەی ئەو بڕیارەی حکومەتەوە، د. هیام یاسری، وەزیری گەیاندن راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سوپاس و پێزانین بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە پشتیوانیی گەورە بوو لە دابەزینی نرخی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت. گوتیشی، "سوپاس بۆ وەزیرانەکان کە دەنگیان بۆ ئەو بڕیارە داوە لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە سەرووی هەموویانەوە محەممەد عەلی ئەکبەر مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و چالاکییەکانی کۆمەڵگە، کە سەرجەمیان پشتوانی ئەو بڕیارە بوون، کە خزمەت بە چینێکی فراوانی گەلی عێراق دەکات لە هەژاران و ئەوانەی داهاتیان سنوودارە. 
 
وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێت، لە 1-12-2022وەوە کار بە بڕیاری کەمکردنەوەکە دەکەن. 
 
رۆژی 6-11-2022، هیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق رایگەیاند، "هەموو هەوڵەکانی خۆم دەخەمەگەڕ بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل. ساڵی 2015 هاتنی داعشی تیرۆریست و دابەزینی زۆری نرخی نەوت و پێویستیی گەنجینە، وایان کرد 20% باج بچێتە سەر کارتی مۆبایل، بۆیە نرخی فرۆشتنی کارتی 10 هەزار دیناری بووە 12 هەزار و 500 دینار. هەروەها کارتی پێنج هەزار دیناری بووە شەش هەزار و 500 دینار."
 
لە ساڵی 2015ـەوە بەپێی یاسای بودجە، بە رێژەی 20% باجی سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە عێراق زیادکرا و لە یاسای بودجەدا جێگیر کرا.
  
وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێت، لە بنەڕەتدا پێویستبوو زیادکردنی ئەو 20%ـەی باجی سەر کارتی مۆبایل کۆمپانیاکان بیدەن، نەک خەڵکی هەژار. دەشڵێت، "[بەڵام] ئەوکات هاووڵاتییان هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەیان هەبوو کە لەپاڵ دەوڵەت وەستانەوە و لە گیرفانی خۆیان ئەو باجەیان دا، بۆیە ئێستا پێویستە وەڵامێکی جوانی هاووڵاتییان بدەینەوە."
 
رۆژی 7-12-2022، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانی لە هەنگاوی دابەزاندنی نرخی کارتی ئینتەرنێت و مۆبایل کرد. کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن ئەوکات گوتی، "ئێستا بارودۆخی دارایی عێراق باشە و نرخی نەوت بەزربووەتەوە و داهات باشە، بۆیە کار بۆ ئەوە دەکرێت باج لەسەر کارتی مۆبایل هەڵبگیرێت."