نووری مالیکی: پشتیوانی لەو خاڵانەی رێککەوتن دەکەین کە نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی پێیگەیشتوون

23-11-2022
هێمن بابان رەحیم
کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا
کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، هەوڵدەدەن پەیوەندییە باشەکانیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق. دەشڵێت، پشتیوانی لەو خاڵانەی رێککەوتن دەکەن کە لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی باسی کراوە و پێیگەیشتوون.
 
رۆژی سێشەممە، 22-11-2022، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ بەسەردانێک لە بەغدایە، لە وەڵامی پرسیارێکی مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداودا گوتی: "پەیوەندییم لەگەڵ برام نێچیرڤان کۆنە و پێش رووخانی رژێمی بەعسی لەناوچووەوە هەیە و پەیوەندی و لیکتێگەیشتن بەردەوام بوو. پەیوەندییەکی زۆر باش هەیە. پێویستییەکانی کار وایە ئەم پەیوەندییە دوو قۆڵییە باشانە ببنە بنەمایەک بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەر کێشەیەک کە رەنگە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بێنە پێشەوە؛ بۆیە قسەی من لەگەڵیدا و قسەی ئەو لەگەڵم بە ئاراستەی کاراکردنی ئەو پەیوەندییەیە بۆ دۆزینەوەی پردی دۆستایەتی و پەیوەندی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی".
 
سەبارەت بە پرسی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانتان، نووری مالیکی گوتی، ئەو بابەتە پەیوەندی بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە هەیە کە حکومەتە و رایگەیاند، دیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو بابەتەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی باسکردووە و ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە پشتیوانیی ئەوە دەکەین کە باسیان کردووە و پێیگەیشتوون، ئەوەش لە رێگەی پەیوەندییمان لەگەڵ حکومەتی" عێراقەوە
 
قسەکانی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ رووداو، لە کاتێکدایە ئەمڕۆ رۆژی سێشه‌ممه‌، 22-11-2022، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرس بەسەردانێک گەیشتە بەغدا. 
 
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فایەق زێدان، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌ري، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر کۆبووەوە.
 
سنووربەزاندنەکانی ئێران و تورکیا و ئەو هێرش و پەلامارانەی دەکرێنە سەر سەروەرەیی عێراق یەکێکی دیکە بوو لە تەوەری گفتوگۆی نێوان نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیکی. سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەو بارەوە بە رووداوی گوت: "بەڵێ، زۆر باسمانکرد و بۆچوونی چوارچێوەی هاوئاهەنگییمان لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشەیە باسکرد. هەروەها بوونی پرسی پەکەکە کە لە خاکی عێراقە. ئەمە پێویستی بە شتێکە و بینیم کاک نێچیرڤانی برا باوەڕی پێیەتی، ئەویش ئەوەیە لیژنەیەکی هاوبەش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی پێکبهێندرێت و بڕوات بۆ ئێران و تورکیا و ناوچەکە. نامانەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکان."
 
لە دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کە رۆژی 27-10-2022 لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق متمانەی پێدرا، یەکەمجارە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا:
 
رووداو: پەیوەندییەکی باشت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەم پەیوەندییە چۆن کاریگەری دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا؟
 
نوری مالیکی: دەستخۆش، بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، وەکو فەرمووت پەیوەندییم لەگەڵ برام مامۆستا نێچیرڤان پرسێکی کۆنە. پێش رووخانی رژێمی بەعسی لەناوچووەوە لیکتێگەیشتن بەردەوام بووە و پەیوەندییەکی زۆر باش هەیە، پێویستییەکانی کار وایە، ئەم پەیوەندییە دوو قۆڵییە باشانە ببنە بنەمایەک بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەر کێشەیەک رەنگە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند رووبدات، بۆیە قسەی من لەگەڵیدا و قسەی ئەو لەگەڵم بە ئاراستەی کاراکردنی ئەو پەیوەندییەیە بۆ دۆزینەوەی پردی دۆستایەتی و پەیوەندی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. پێشموایە لە رۆشنایی حکومەتی نوێ و دوای ئەو رکابەرایەتییانەی کە عێراقی پێدا تێپەڕی و حکومەت پێکهات و کورد لە پێکهاتە سەرەکییەکانن تێیدا، وەکو ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کراوە دەرفەت گونجاوە بۆ ئەوەی بەو ئاراستەیە بڕۆین کە ئەو پەیوەندییە دووقۆڵییانە پتەوبکات و ئەو پەیوەندییە جێگیربکات و رووبەڕووی هەموو ئەو رکابەرایەتییانە ببێتەوە کە رەنگە رووبەڕووی عێراق ببێتەوە.
 
رووداو: باسی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانتان کرد؟
 
نووری مالیکی: ناوەڵا، ئەم بابەتە لەلایەنی جێبەجێکردن لە حکومەتی عێراق باسدەکرێت، دیارە ئەوان لەگەڵ سەرۆکوەزیران باسیان کردووە، بەڵام ئێمە پشتیوانیی ئەوە دەکەین کە باسیان کردووە و پێیگەیشتوون، لە رێگەی پەیوەندییمان لەگەڵ حکومەتەوە.
 
رووداو: باسی ئەو سنووربەزاندنانەتان کرد کە دەکرێتە سەر سەروەرەیی عێراق؟
 
نووری مالیکی: بەڵێ، بەڵێ، زۆر باسمانکرد و بۆچوونی چوارچێوەی هاوئاهەنگییمان لە دۆزینەوەی چارەسەریی بۆ ئەو کێشەیە گەیاند لەگەڵ لایەنی ئێرانی و لایەنی تورکی، هەروەها بوونی پرسی پەکەکە کە لەسەر خاکی عێراقن، ئەمە پێویستی بە شتێکە. بینیم کاک نێچیرڤانی برا باوەڕی پێیەتی، ئەویش ئەوەیە لیژنەیەکی هاوبەش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی پێکبهێنرێت و بڕوات بۆ ئێران و تورکیا و ناوچەکە، نامانەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان، ناشمانەوێت عێراق ببێتە شوێنێک بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی دراوسێ، بۆیە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن هەیە، سوپاس بۆ ئێوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە