رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق لە بەغدا کۆبوونەوە و پێکەوە لەبارەی دۆخی سیاسی و ئاسایشی وڵات قسەیان کرد.
رۆژی سێشەممە 22-11-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ قەیس خەزعەلی، سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و شەڕی دژە تیرۆر قسەیان کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و قەیس خەزعەلی "جەختیان لە گرنگی و پێویستیی پشتگیریکردنی حکومەتی نوێی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی وڵات کردەوە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی و کاری پێکەوەیی و هاریکاریی نێوان لایەن و پێکهاتەکانی عێراق لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و بەپیرەوەچوونی داواکاریی هاووڵاتیان لە ژیانێکی باشتر و خزمەتگوزاری و دەرفەتی کار."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دووبارەبوونەوەی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و بە ئامانجگرتن و بۆردوومانکردنی هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە بەگشتی تەوەری دیکەی دیدارەکە بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ