ئەمساڵ 77 هەزار کەس لە عێراق بەشدارییان لە خولی نەهێشتنی نەخوێندەواری کردووە


رووداو دیجیتاڵ 

بەر لە چوار دەیە، عێراق کۆتایی بە دیاردەى نەخوێندەوارى هێنا، بەڵام دۆخى ئابوورى وایکرد لە 2022 رێژەى نەخوێندەوارى بۆ 13% بەرزببێتەوە. گوتەبێژى دەزگاى جێبەجێکارى نەهێشتنى نەخوێندەوارى لە عێراق ئاشکرایکرد، ئەمساڵ 77 هەزار کەس بەشداریى خولەکانى نەهێشتنى نەخوێندەوارییان کردووە و زیاتر لە دوو ملیۆن کەس سوودمەند بوون لە بەرنامە جیاوازەکانیان لەو بوارەدا. ئەوە لەکاتێکدایە، پارێزگاى دیوانییە لە ریزبەندى یەکەمى نەخوێندەواری دایە لەسەر ئاستى عێراق.  
 
گەڕانەوە بۆ 40 ساڵ لەمەوبەر 
 
لە کۆتایی حەفتاکانى سەدەى رابردوو عێراق چووە ریزبەندى ئەو وڵاتانەى کە کەمترین رێژەى نەخوێندەوارى تێدابوو کە کەمتر بوو لە 10%. ئەوەش لە رێگەى هەڵمەتى نەهێشتنى نەخوێندەوارى، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و پێچەوانە بووەتەوە.
   
موئەیەد عوبێدى، گوتەبێژى دەزگاى جێبەجێکارى نەهێشتنى نەخوێندەواریى سەر بە وەزارەتى پەروەردەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە کۆتایی حەفتاکانى سەدەى رابردوو، عێراق کۆتایی بە نەخوێندەواریى هێنا و لە پێشینەى ئەو وڵاتانەى جیهان بوو، کە بەرنامەیان هەبووە بۆ کۆتاییهێنان بەو دیاردەیە. گوتیشى: "بەهۆى قەیرانى ئابوورییەوە نەخوێندەواریى بەرە بەرە سەریهەڵدایەوە." 
 
لە کۆتایی حەفتاکانى سەدەى رابردوو ژمارەى دانیشتووانى عێراق زیاتر لە 12 ملیۆن کەس بووە، بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى پلاندانانى عێراق ژمارەى دانیشتووان بۆ ساڵى 2022 گەیشتووەتە زیاتر لە 41 ملیۆن کەس. 
 
عەبدولزەهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: رێژەى هەژارى لە سەرانسەرى عێراق دەگاتە 13%، رێژەکە لە نێو رەگەزمى مێ بۆ 23% بەرزبووەتەوە.
 
ژمارەى دانیشتووانى عێراق بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى پلادانان بۆ ساڵى 2022 زیاتر لە 41 ملیۆن کەسە، بەوپێیە ژمارەى نەخوێدەواران تێیدا زیاتر لە پێنج ملیۆن و 330 هەزار کەسە. 
 
عەبدلولزەهرە هنداوى گوتى: "لە گوندەکان رێژەى نەخوێندەوارى زیاترە، پارێزگاى دیوانییە لە ریزبەندى یەکەمدایە لە رووى زۆرى رێژەى نەخوێندەوارى کە 21%ى دانیشتووانی نەخوێندەوارن.  
 
10 ساڵە هەڵمەت دەستیپێکردووە 
 
موئەیەد عوبێدى، گوتەبێژى دەزگاى جێبەجێکارى نەهێشتنى نەخوێندەواریى سەر بە وەزارەتى پەروەردەى عێراق دەڵێت، لە ساڵى 2012ەوە هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ نەهێشتنى نەخوێندەوارى، بەگوێرەى یاسای نەهێشتنى نەخوێندەوارى ساڵى 2011 و لەو کاتەوە 10 خولیان کردووەتەوە. گوتیشى: "بۆ خولى ئەمساڵ (2021 بۆ 2022) زیاتر لە 77 هەزار کەس بەشدار بوون، کە تەمەنیان لە 15 ساڵان بەرەو سەرەوە بووە." 
    
خولەکانى دەزگاى جێبەجێکارى نەهێشتنى نەخوێندەوارى عێراق، چەند بوارێک و جۆرێکى نەخوێندەواریى دەگرێتەوە، بەشێکیان ئەوانەن کە نازانن بخوێننەوە بنووسین و بەشێکى دیکەیان ئەوانەن کە خوێندنیان بەجێهێشتووە و تەمەنیان لەنێوان 12 بۆ 15 ساڵاندایە.
 
وانەکانى ئەو دەزگایە لە 1296 ناوەندا دەگوترێتەوە، لە سەرجەم پارێزگاکان و وانەکانیش لە رۆژانی شەممە و هەینی دەگوترێنەوە.
 
موئەیەد عوبێدى دەڵێت: "لە رێگەى بەرنامە جیاوازەکانمانەوە بۆ نەهێشتنى نەخوێندەواریى زیاتر لە دوو ملیۆن و 150 هەزار کەس لێى سوودمەند بوون."
 
بەگوێرەى یاساى نەهێشتنى نەخوێندەواریى ساڵى 2011، بەشداریکردن لەو خولانەدا ناچارى نییە و خۆویستانەیە.