نێچیرڤان بارزانی و عامری دۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سه‌رۆكى هاوپەیمانیی فه‌تح کۆبوونەوە و نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا "به‌غداى به قووڵايى ستراتيژيى هه‌رێمى كوردستان" لە قەڵەمدا.
رۆژی سێشەممە 22-11-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە به‌رده‌واميى كۆبوونه‌وه‌كانيدا له بەغدا له‌گه‌ڵ هادى عامرى، سه‌رۆكى هاوپەیمانیی فه‌تح كۆبووه‌وه.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكه‌دا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و كارنامه و ئه‌ركه‌كانى حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق تاوتوێ کراون.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عامرى رایگەیاندووە، "ئه‌گه‌ر سه‌قامگيرى به‌رده‌وام بێت ده‌ر‌فه‌تێكى مێژوويى هه‌يه بۆ سه‌ركه‌وتن و جگه له لێكگه‌يشتن هيچ رێگه‌يه‌كى ديكه له‌به‌رده‌م عێراقييه‌كاندا نييه"، بۆ ئه‌مه‌ش عامری يه‌كڕيزيى سياسى و نيشتمانى له‌نێوان هێز و لايه‌نه عێراقييه‌كاندا به پێويست زانى.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، نێچيرڤان بارزانى پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ حكومه‌تى نوێى عێراق و سه‌رخستنى كارنامه‌كه‌ى ده‌ربڕى و جه‌ختى له به‌رپرسيارێتيى هاوبه‌شى نێوان هه‌موو هێز و لايه‌نه‌كان كرده‌وه. هه‌روه‌ها "به‌غداى به قووڵايى ستراتيژيى هه‌رێمى كوردستان" له قه‌ڵه‌مدا.