نێچیرڤان بارزانی و عامری دۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ دەکەن

22-11-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سه‌رۆكى هاوپەیمانیی فه‌تح کۆبوونەوە و نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا "به‌غداى به‌ قووڵايى ستراتيژيى هه‌رێمى كوردستان" لە قەڵەمدا. 
 
رۆژی سێشەممە 22-11-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە به‌رده‌واميى كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌ بەغدا له‌گه‌ڵ هادى عامرى، سه‌رۆكى هاوپەیمانیی فه‌تح كۆبووه‌وه‌. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكه‌دا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و كارنامه‌ و ئه‌ركه‌كانى حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق تاوتوێ کراون. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عامرى رایگەیاندووە، "ئه‌گه‌ر سه‌قامگيرى به‌رده‌وام بێت ده‌ر‌فه‌تێكى مێژوويى هه‌يه بۆ سه‌ركه‌وتن و جگه‌ له‌ لێكگه‌يشتن هيچ رێگه‌يه‌كى ديكه‌ له‌به‌رده‌م عێراقييه‌كاندا نييه"‌، بۆ ئه‌مه‌ش عامری يه‌كڕيزيى سياسى و نيشتمانى له‌نێوان هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كاندا به‌ پێويست زانى.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، نێچيرڤان بارزانى پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ حكومه‌تى نوێى عێراق و سه‌رخستنى كارنامه‌كه‌ى ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ به‌رپرسيارێتيى هاوبه‌شى نێوان هه‌موو هێز و لايه‌نه‌كان كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها "به‌غداى به‌ قووڵايى ستراتيژيى هه‌رێمى كوردستان" له‌ قه‌ڵه‌مدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە