رووداو دجیتاڵ
پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بووەتە رۆژەڤی عێراق و لایەنەکان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ئەو کەسە هەیە کە دەبێت سەرۆکوەزیران و بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێت. شێوازی پێکهێنانی حکومەتەکەیش قسە و باسی زۆری لەسەر دەکرێت. سەدر دەیەوێت حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبهێنێت و بەشێکی دیکەیش دەیانەوێت حکومەتەکە بە سازان پێکبێت. شرۆڤەکارێکیش دەڵێت: "قازانجی کورد لەوەدایە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەر بە ئێران بێت.. حکومەتی زۆرینە بۆ کورد زۆر مەترسیدارە."
لە بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنامەنووسی رادیۆی رووداودا باس لە رەوشی کورد دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و شێوازی حکومەتەکە کرا کە هەریەکە لە د. عەرەفات کەرەم، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق؛ سەردار عەبدوڵڵا، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق؛ کەمال رەئووف، شرۆڤەکاری سیاسی و رۆژنامەڤان، عارف قوربانی، رۆژنامەڤان و؛ ئاکۆ محەممەد، رۆژنامەڤان تێیدا بەشدار بوون.
سەردار عەبدوڵڵا، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق گوتی: "کورد دەبێت بزانێت لەنێوان هێزە گەورەکاندا یاری بکات. نابێت چاوەڕێ بێت بزانێت شیعەکان چی دەکەن. دەبێت بێت مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت. نابێت کورد بە هیچ جۆرێک حکومەتی زۆرینە پەسندبکات، دەبێت پێداگری لەسەر سازان بکات. پێویستە زۆر بە وردی هەڵسوکەت لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکات؛ حکومەتی زۆرینە دەتوانێت هەموو شتێک بەسەر کورددا بسەپێنێت."
سەردار عەبدوڵڵا گوتی: "کورد بەرژەوەندیی لەوەدایە کە عێراق سەرۆکوەزیرانێکی لاوازی هەبێت، بەڵام سەر بە ئێران بێت، چونکە ئەو کاتە وڵاتە رۆژئاواییەکان نایەن هەموو جەختیان بخەنەوە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان پەراوێز بخەن. ئەو کاتە ناچار دەبن وەک شوێنگرەوە سەیری بکەن."
کەمال رەئووف، رۆژنامەڤانیش گوتی: "دیموکراسیەت ئەوەیە کە لە سازان دوور بکەویتەوە و سەدر بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام ئەوە بۆ وڵاتێک کە دەستوور تێیدا پارێزراوبێت. حکومەتی زۆرینە بۆ کورد مەترسیدارە، چونکە ئێستا ئێمە لە عێراقدا کەمینەین."
عارف قوربانی، رۆژنامەڤانیش گوتی: "ئەوەی لە عێراقدا دەبێتە هۆی پێکهێنانی حکومەت ئەنجامی هەڵبژاردنەکە نییە، بەڵکو سازانی سیاسیی نێوان هێزەکانە. لەبەر ئەوە دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکرێت کە بەشێک لەو کێشانەی لە دەرەوەی عێراقییەکانن بە کوێ دەگات و وڵاتان لەسەر ئاستی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا لە کوێدا دەگەنە خاڵێکی هاوبەش، ئینجا کێشەکە چارەسەر دەبێت."
ئەوەی پێشبینی دەکرا کە ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن لایەن چەکدارەکانی عێراقەوە رێگریی لێبکرێت تاوەکو ئێستا بەدیهاتووە. هادی عامری، سەرۆکی فەتح دەڵێت: "ئەو بەڵگانەی پێشکەشمان کردوون بایی ئەوەندەن کە هەڵبژاردنەکە هەڵبوەشێتەوە و جارێکی دیکە هەڵبژاردن بکرێتەوە." موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدریش لە تویتێکدا نووسی: "دەیانەوێت لە کۆمیسیۆندا هەڵبژاردنەکە تێکبدەن. دەیانەوێت پرۆژەی ئێمە بۆ دروستکردنی حکومەتێکی نیشتمانی هەڵبوەشێننەوە."
د. عەرەفات کەرەم، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق گوتی، "لە عێراقدا زۆر سەختە حکومەت دوای هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا پێکبهێنرێت، چونکە دەزگا نییە کە بتوانن بڕیار بدەن و لایەنە سیاسییەکان دەستی تێوەرنەدەن. ئەم هەڵبژاردنە کە سەرەتا بڕیار درا بکرێت، هەموو لایەنەکان رازی بوون، هەرچەندە کێشە هەبوو لەسەر کۆمیسیۆن کە چۆن بێت. بڕیار درا هەڵبژاردنێکی پێشوەخت بکرێت. بڕیار درا کە ژماردنی دەنگدان بە ئەلیکترۆنی بێت. هەموو ئەو شتانە زیاتر شیعە کاریان لەسەر دەکەن، کورد و سوننە ئەوەندە حەزیان نەدەکرد هەڵبژاردن بکرێت. ئەوان هاندەر بوون، چونکە کێشەیان هەبوو. ئەم هەڵبژاردنە پاکترین هەڵبژاردن بوو کە لە دوای ساڵی 2003ـوە کرابێت."
بە گوتەی د. عەرەفات، لایەنە سیاسییە شیعەکان، بە تایبەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە لە دەوڵەتی یاسا، فەتح، نەسر، عەمار حەکیم و قەیس خەزعەلی پێکهاتووە، هەوڵیان دەدا ئەم هەڵبژاردنە بکرێت، بەڵام کە ئەنجامەکە ئاشکرا کرا، رەخنەیان لێگرت و دەڵێن ساختەکاری کراوە. بەڵام خەڵکی عێراق هێزە سیاسییەکانی سزادا و ئەم هەڵبژاردنە سزایەک بوو بۆ ئەو لایەنە سیاسییانەی کە سەر بە وڵاتێکی دراوسێن.
خەڵک لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەوە کە پرۆسەکە لەوانی پێشوو باشتر بوو هیوایەکیان بۆ دروست بوو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بچن بەشداری بکەن. ئێستا کە ئەنجامەکان دەکەونە بەر سازانی سیاسی و لە رێگەی کۆمیسیۆنەوە ئەو شتە بکرێت، لەوانەیە جارێکی دیکە خەڵک بڵێن، حیزبەکان بۆ خۆیان رێکدەکەون و پێویستیان بە دەنگدانی ئێمە نییە.
سەردار عەبدوڵڵا گوتی: "زووە بۆ ئەوەی بڵێین خەڵک ئومێدی بەم هەڵبژاردنە هەیە، هەرچەندە دەکرێت پاکتر بێت. هۆکاری نائومێدیی خەڵک لە هەڵبژاردن لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان چەند شتێکە کە پەیوەندیی ساختەکارییەوە نییە، چونکە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ساختەکاری کراوە. کێشەی کەمبوونەوەی بەشداری لە هەڵبژاردندا کێشەیەکی جیهانییە. هەڵبژاردن لە عێراقدا بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت گۆڕانکاریی سیاسی دروست بکات، چونکە گۆڕانکاریی سیاسی لە عێراقدا بە ئەجێندای دەرەوە بەستراوەتەوە."
د. عەرەفات کەرەمیش گوتی: "هەوڵێک هەیە کە هەندێک ژمارەی کورسی بگۆڕن، لەوانە پارتی و سەدرییەکان ببنە قوربانی. هەوڵێک هەیە کە هەندێک کورسی دەستکاری بکرێن بە جۆرێک لایەنەکان رازی بکرێن. سەدریش رازی بووە کە هەندێک کورسی دەستکاری بکرێن. ئێمە وەک پارتی بۆ ئەوەی دۆخەکە تێک نەچێت و ئارام ببێتەوە ئامادەین قوربانی بدەین. کاتێک کورسیی لایەنێک دەبرێت بۆ لایەنێکی دۆڕاو، ئەوە بابەتێکی سیاسییە، ئەگینا پەیوەندیی بە ساختەکارییەوە نییە."
کەمال رەئووف، شرۆڤەکاری سیاسی و رۆژنامەڤان گوتی: "لە هەر شوێنێک دەسەڵاتی قووڵ هەبێت و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە دڵی ئەوان نەبێت، کێشە دروست دەبێت. لە عێراقدا هێزە شیعەکان دەسەڵاتیان هەیە و سەرسامکەری ئەم هەڵبژاردنە ئەوە نەبووە کە ئەوان دەنگی کەمیان هێناوە، بەڵکو دەنگی خۆیانیان هێناوە، بەڵام جۆرێک بووە کە ئەوان چاوەڕوانی ئەوەیان نەکردووە و پەسندی ناکەن."
ئەو رۆژنامەڤانە ئەوەی خستەڕوو، دوو جۆر لە دەستکاریکردن هەن کە یەکێکیان ئەوەیە زۆر بە وردی بە دەنگەکاندا دەچنەوە و پەنجەمۆرە دووبارەکان لادەبرێن. جۆرێکی دیکەیش ئەوەیە کە بۆ رازیکردنی هەندێک لایەن دەستکاریی کورسییەکان دەکرێت. پێشبینی دەکرێت هەندێک لە سەربەخۆ دەرچووەکان ببنە قوربانیی ئەم دەستکاریکردنە.
عارف قوربانییش گوتی: "ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت تاکە نموونەیە لە جیهاندا کە هەڵبژاردن دەکرێت و نابێتە هۆی گۆڕانکاریی سیاسی. ئەمە بەشێکی پەیوەندیی بە ناوخۆی عێراقەوەیە بۆ راگرتنی هاوسەنگیی ئەو هێزانەی کە هەن، بەشێکیشی پەیوەندیی بە هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکانەوە هەیە."
لە عێراقدا ئەو حیزبەی هەڵبژاردن دەباتەوە، لەلای مسۆگەر نییە کە بتوانێت خۆی حکومەت پێکبهێنێت، چونکە لە رابردوودا چەند نموونەیەکی لەو جۆرە هەبوون.
سەردار عەبدوڵڵا، شرۆڤەکاری سیاسی گوتی: "لە عێراقدا حیزبەکان دەچنە هەڵبژاردنەوە بۆ ئەوەی بیبەنەوە و حکومەت پێکنەهێنن. عەلاوی هەڵبژاردنی بردەوە و مالیکی حکومەتی پێکهێنا، مالیکی هەڵبژاردنی بردەوە و عەبادی حکومەتی پێکهێنا. ئەگەر حکومەت پێکبێت سەرۆکوەزیران لە سەدرییەکان نابێت. حکومەتیش پێکبێت حکومەتێکی لەرزۆک دەبێت، رێک ئەوە دەبێت کە ئێران لە لوبنان بە ئەمریکا و خلیجییەکانی دەکات و زیاتر لە دوو ساڵە بەسەریاندا زاڵ دەبێت و خۆی حکومەت پێکدەهێنێت."
عارف قوربانی ئاماژەی بەوە دا کە بە دووری مەزانن سەدر حوکمەت پێکنەهێنێت و کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران کە ناوی نەبووبێت. ئەمە بووەتە واقیعێکی تاڵ و هەموو هێزە سیاسییەکانیش ئەم ئەنجامەیان لە بەرچاوە، بۆیە پەسندی دەکەن. عێراق هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن بەرەو خراپتر چووە. کەمیی ساختەکاری ناکاتە ئەوەی کە دڵخۆشی دروست ببێت بەوەی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراقدا بەرەوپێشەوە چووە.
د. عەرەفات کەرەمیش گوتی: "دوای ئەوەی سەدر یەکەم راگەیێندراوی دەرکرد و گوتی سەدرییەک دەکەمە سەرۆکوەزیران، ئەوە وایکرد چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆ بگەیەننە یەک و دژایەتیی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بکەن. بەوە هێزە چەکدارەکان گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئەگەر سەدر بێتە سەر حوکم سەری ئەوان دەبڕدرێت. ئێمە لە مالیکیمان پرسی: 'بۆچی وا دەکەیت، خۆ کورسیی باشت هێناوە؟' گوتی: 'نا، مەترسیمان هەیە کە سەدرییەکی رەسەن ببێتە سەرۆکوەزیران.' ئەوان لەوە دەترسن کە ئەگەر دەسەڵات بکەوێتە دەستی سەدر حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە. سەدریش دەڵێت، داوایان نەکردووە کە حەشد هەڵبوەشێتەوە، بەڵکو داوایان کردووە رێکبخرێتەوە."
ئێستا ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق بووتە مژاری لایەنەکان. هاوکات باس لەوە دەکرێت کە رەنگە کەسێکی بێلایەن باش بێت و ناوی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش یەکێکە لەو ناوانە.
د. عەرەفات کەرەم گوتی: "بە بۆچوونی من سەختە کازمی ببێتەوە سەرۆکوەزیران، چونکە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاریان داوە کە رازی نین جارێکی دیکە کازمی ببێتەوە سەرۆکوەزیران. ئەگەر سەدر ئەو راگەیێندراوەی بڵاونەکردایەتەوە رەنگە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رازی بوونایە بەو کەسەی سەدر دەستنیشانی بکردایە."
سەردار عەبدوڵڵا گوتی: "کازمی بۆ بوونەوە بە سەرۆکوەزیران بەختی لاوازە. بۆ ئێمە گرنگە کێ سەرۆکوەزیرانە، بەڵام بایەخە ستراتیژییەکە لەوەدا نییە. ئەگەر سەرۆکوەزیران بە کۆمەڵێک ڤیتۆ و بنەمای سازان ببەستینەوە، ئەو کاتە هەرکەس سەرۆکوەزیران بێت دەتوانین رێگریی لێبکەین. ئەگەر کۆمەڵێک بنەمای سازانمان بچەسپاندایە عەبادی زاتی نەدەکرد پەلاماری کورد بدات و خاکی کوردستان داگیر بکات."
لە هەڵبژاردنی عێراقدا رێژەی دەنگدان زۆر کەمبوو و بەشێک لە هاووڵاتییانیش هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هەڵبژاردن ناتوانێت گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسیی وڵاتدا بکات و لە دەسەڵات ناڕازین.
سەردار عەبدوڵڵا گوتی: "هەڵبژاردن لە عێراقدا لە رووی سیاسییەوە بۆ تاکە پێکهاتەیەک زۆر گرنگە کە ئەویش کوردە، چونکە تاوەکو پێکهێنانی حکومەتیش ئێران، عێراق، ئەمریکا، تورکیا، ئیمارات، بەریتانیا، ئوردن و سعوودیە لێمان دەپاڕێنەوە و هەوڵ دەدەن لەگەڵمان رێکبکەون و لە هەندێک پرسدا نەرمی پیشان دەدەن. بەڵام دوای پێکهێنانی حکومەت تا هەڵبژاردنی داهاتوو ئەجێنداکانیان جۆرێکی دیکەی لێدێت. ساڵی 2018 ئەوەی بووە هۆی ئەوەی گەمارۆکانی سەر هەرێمی کوردستان بشکێنرێن هەڵبژاردن بوو. ئێمە لەو کەیسەدا خۆمان هەڵەمان کرد، بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار یەکڕیزی و یەکگرتووییمان تێکدا. شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار هەڵە بوو و باجەکەیشیمان داوە."
کەمال رەئووف گوتی: "ئەو دوورییەی نێوان هاونیشتمانی و لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان کە خەڵک لە دۆڵێکن و لایەنەکانی دەسەڵات لە دۆڵێکن وایکردووە کە خەڵک نائومێد ببێت و ئەو کۆچە بەکۆمەڵە دروست ببێت. بووەتە هۆی ئەوەی بایکۆتی هەڵبژاردن بکرێت و دەنگ بسووتێنرێت. پێویستە ئەو دوورییە چارەسەر بکرێت کە دەسەڵات هەستی پێناکات. پێتان سەیر نەبێت کە بەهۆی ئەو بێهیواییەوەی لەناو خەڵکدا هەیە داوای پشتیوانی لە حەشدی شەعبی بکرێت و حەشدی کوردی دروست بکرێت. ئەگەر دەرگا بکرێتەوە و گەنجەکان هەلیان هەبێت، زۆر زیاتر خەڵک کۆچ دەکات. خەڵک هەست بە ستەم و نامۆبوون دەکات."
عارف قوربانی گوتی: "لە هەموو دنیادا ئەوە زۆر مەترسیدارە کە هەر چینێکی سیاسی بگاتە ئەو قەناعەتەی هەموو ئەوەی خەڵک دەیڵێت راست نییە و دووژمنایەتیی دەسەڵات دەکات. ئەو کاتە دەبێت دەست لەو چینە سیاسییە بشۆیت و ناتوانیت ئومێد لەسەر باشبوونی هەڵبچنیت. دەبێت ئەگەری دروستبوونی هێزی چەکداری کوردیی سەر بە حەشدی شەعبی رامانبچڵەکێنێت. دەبێت لەوە دڵنیا بین کە لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا زەمینەی دروستبوونی ئەم هێزە لەبارترە. کورد ئەگەر بەرنامەی نەبێت، بە دڵنیاییەوە ئەو دۆخە نەخوازراوە دەبینین."
کورد لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە لە حکومەتی عێراقدا بەشدار بووە و چەندین پێگەی حکومیی هەبووە، بەڵام ئەوە نەبووەتە مایەی ئەوەی وەک هاوبەشێکی راستەقینەی عێراق رۆڵی هەبێت.
د. عەرەفات کەرەم گوتی: "سەدر وەک کەسایەتی خاوەنی قسەی خۆیەتی و دەیباتە سەر. ئێمە وەک پارتی زۆر ناخۆشیمان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بینیوە و هەموو ئەو لایەنانەی زیانیان بۆ کورد هەبووە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدان. ئێمە دەمانەوێت لە دەوڵەتدا بەشدار بین نەک لە حکومەتدا. ئێمە لە سەدرەوە نزیکین و با هەلێکی بدەینێ و تاقیی بکەینەوە بزانین چی دەبێت. بە راستی ئێمە هیچ خۆشییەکمان لە لایەنەکانی دیکە نەبینیوە."
سەردار عەبدوڵڵایش جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کورد لە دەوڵەتی عێراقدا هاوبەش بێت نەک بەشدار و، رۆڵی کاریگەری لە دەوڵەتدا هەبێت و گوتی: "ئەوە کێشەیە کە دابنیشین ئەم و ئەو تاقی بکەینەوە. کێشەی سەدر ئەوەیە کە ئەگەر خراپ بێت، کەسێکی بەهێزە. خراپێک نییە کە بتوانیت لێیبدەیت. ئەگەر نیەتێکی خراپی بەرامبەر بە کورد هەبێت دەیکات. کێشە لە کورددایە کە نەیتوانیوە هەڵبژاردن بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی خۆی دەیەوێت و بیسەپێنێت. ئێمە لەبەردەم دوو ئەگەرداین کە یان دەبێت ئەم دەوڵەتە هەڵبستێنینەوە یان هەڵیبوەشێنینەوە. ئێمە دەبێت لە دەوڵەتدا هاوبەش بین."
ئێستا لە ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان عەرەبی هاوردە بە پشتیوانیی سوپای عێراق هەوڵی داگیرکردنی زەویوزار و موڵکی هاونیشتمانییانی کورد دەدەن و ئەو ناوچانە بەعەرەب دەکرێن.
عارف قوربانی، رۆژنامەڤان گوتی: "ستراتیژیی بەعس بۆ بەعەرەبکردنی ناوچە کوردییە دابڕێنراوەکان چی بوو، دوای نەمانی حکومەتی بەعس ئەو ستراتیژەی دەوڵەت نەگۆڕاوە و هەر بەردەوامە. مادەم دەزانین حکومەتی عێراق وازی لە ستراتیژیی بەعەرەبکردن نەهێناوە و لەسەری بەردەوامە، لە بەرامبەر ئەمەدا ئەوەی دەبوو بە هۆکاری ئەوەی پێچەوانەی بکاتەوە رۆڵی کوردە. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە کورد هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە نییە و هیچ خەمێکی بۆ ئەم پرسە نەماوە."
ئەو رۆژنامەڤانە ئەوەی خستەڕوو کە دوای رووخانی سەدام دەرفەت زۆر بوو بۆ ئەوەی کورد ئەو هاوکێشانە راستبکاتەوە، بەڵام چەندە حکومەتی عێراق بەرپرسە لە خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی دەستوور، کوردیش بە هەمان ئەندازە و زیاتریش کەمتەرخەمە و خۆی بوو بە هۆکاری ئەوەی ئەو پرۆسەی چارەسەرە پەکی بکەوێت.
دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق پارتی و یەکێتی هەردووکیان بە جیا چوونە بەغدا و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا کۆبوونەوە. ئەوەیش دیسانەوە ئەو قسانەی هێنایەوە بەر باس کە لایەنە کوردییەکان لە بەغدا پێکەوە یەکدەنگ نابن و بە جیا کاردەکەن.
د. عەرەفات کەرەم گوتی: "ئێمە وەک پارتی کە چووینە بەغدا داوامان لە هەموو لایەنەکان کرد کە پێکەوە بچینە بەغدا، بەڵام ئامادە نەبوون کە بێن. سەردانەکەیشمان بۆ زانینی دۆخەکە بوو. عەمار حەکیم بە سەدری گوت: 'قوربان، بۆچی تۆیش وەک پارتی ناکەیت؟' سەدر گوتی: 'پارتی چی کردووە؟' گوتی: 'پارتی هێزی یەکەمی کوردستانە و سەردانی لایەنەکانی کوردستانی کردووە.' "
کەمال رەئووف، شرۆڤەکاری سیاسی و رۆژنامەڤانیش ئاشکرای کرد: "پارتی و یەکێتی بڕیاریان وایە پێکەوە بچنە بەغدا. لەم دانیشتنانەی دوایی سەرکردایەتییەکانیاندا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی دۆخەکە زۆر مەترسیدارە و پێویستە هەردووکیان پێکەوە بن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ