موقتەدا سەدر: کەسانێک دەیانەوێت ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بگۆڕن

22-11-2021
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق موقتەدا سەدر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانە و 73 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، دەڵێت، کەسانێک دەیانەوێت ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن رکابەریی گەورەترین فراکسیۆن بکەن بەمەبەستی رێگرتن لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە.
 
موقتەدا سەدر لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "ئێمە بەوپەڕی شانازیی و سەربەرزییەوە دەڵێین، کاری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە هەموو وردەکارییەکەوە بێگەرد و ورد و پیشەگەرانەیە؛ بۆیە دەستوەردان لە کاری کۆمیسیۆن رەتدەکەینەوە؛ هاوکات جەختدەکەینەوە لە سەلامەتیی کارمەندانی کۆمیسیۆن".
 
رێبەری رەوتی سەدر راشیگەیاند: "هەموو گوشارە سیاسی و ئەمنییەکان کە دەخرێنەسەر کۆمیسیۆن لە یەکەم رۆژی کارکردنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ رەتدەکەینەوە؛ بە شکۆ و رێزەوە پاڵپشتیی لە هەڵوێستە پیشەیی و بێگەردەکانی کۆمیسیۆن دەکەم؛ بۆیە سوپاسی هەموو ئەندامانی کۆمیسیۆن دەکەم، بەتایبەت برامان دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف (سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق)".
 
رێبەری رەوتی سەدر لە تویتەکەیدا هۆشداریش دەدات کە: "نابێ دەستوەردان لە کاری دادوەری و دادگە بکرێت لە پرسی پەسندکردنی ئەنجامەکان کە کەسانێک دەیانەوێ بیانگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن رکابەریی گەورەترین فراکسیۆن بکەن بەمەبەستی رێگرتن لە حکومەتی زۆرینە کە نیگەرانبوون لە ئاماژەکانی دەرکەوتنی".
 
سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی تانەکان کە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دراون، عیماد جەمیل، ئەندامی فەرمانگەی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمیسیۆن ئەمڕۆ دووشەممە 22-11-2021 ئەنجامی تانە پێشکێشکراوەکان رادەگەیەنێت کە ژمارەیان 1436 تانەیە؛ لە دوو رۆژی داهاتوودا پرۆسەی بە دەست جیاکردنەوەی دەنگەکانی وێستگە تانەلێدراوەکان بەڕێوەدەچێت؛ دواتر ئەنجامەکە رەوانەی دەستەی دادوەریی دەکرێت و پاشان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بە فەرمی رادەگەیەنین".
 
عیماد جەمیل گوتیشی: "بڕیارە ئەمڕۆ ئاماژە بۆ ئەو پارێزگایانە بکرێت کە گۆڕانکاریی بەسەر کورسییەکانیان دێت؛ بۆیە رەنگە ناوی ئەو کەسانە رابگەیەندرێت کە تانەیان پێشکێش کردووە، بەڵام ناوی ئەو بەربژێرانە راناگەیەندرێت کە سەرکەوتوون لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکان بەهۆی ئەو تانانە، چونکە راگەیاندنی ناوەکان لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دەبێت".
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو؛ رەوتی سەدر 73 کورسی پەرلەمان، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 16 کورسی ، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 33 کورسیان بەدەستهێناوە؛ هاوپەیمانیی فەتح کە لە خولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە، هاوکات سەربەخۆکان زیاتر لە 35 کورسییان لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان بردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.