ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی: گەشت بۆ عێراق مەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات بەهۆی "مەترسیی تیرۆر، رفاندن و هەڵکشانی گرژییەکانەوە" سەردانی عێراق نەکەن و هاوکات داوا لە "کارمەندە ناپێویستەکان"ی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا و کۆنسوڵخانەکەی لە هەولێر و کەسە نزیکەکانیان دەکات عێراق جێبهێڵن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "داوا لە کارمەندە ناپێویستە حکومییەکانی وڵاتەکەمان و خێزانەکانیان لە عێراق دەکەین ئەو وڵاتە جێبهێڵن". هاوکات لەو راگەیەندراوەدا دەشڵێت، "بەهۆی زیادبوونی مەترسی تیرۆر، رفاندن، گرژی چەکداری و نائارامی لە عێراقدا مەترسی لەسەر هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق هەیە". 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "لە عێراق هاووڵاتییە ئەمریکییەکان لەژێر مەترسی هێرش و رفاندندان، میلیشیاکانی دژە ئەمریکا هەڕەشە لە هاووڵاتییان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکەن". هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەن کە خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان تەواوی عێراقی گرتووەتەوە و ئەگەری هەیە ئەو رووداوانە "بە خێرایی ببنەهۆی وەستاندنی هاتووچۆ، گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە و تەنانەت بگەنە ئاستی تووندوتیژی."
 
لەو بەیاننامەیەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای ئەوەش لە هاووڵاتییانی دەکات کە بەهۆی مەترسی "بۆردوومان، رووبەڕووبوونەوەی چەکداری و گرووپە تیرۆریستییەکانەوە" سەردانی باکووری عێراق مەکەن. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بەیاننامەیەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە "بەهۆی مەترسی کەسی، وەکو رفاندن و مردن و مەترسی یاسایی نابێت هاووڵاتییەکانی لە رێگەی عێراقەوە بچنە سووریا بۆ بەشداریکردن لە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە."
 
وەکو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان سزای زیندانی تاوەکو نزیکەی 10 ساڵ بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێنێت ئەگەر بە شێوەیەکی نایاسایی سنوورەکانی عێراق و سووریا ببڕێت و بە گوێرەی یاسای ئەمریکاش، "شەڕکردن یان کارکردن لە بەرژەوەندیی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، بکەرەکەی دووچاری سزای زیندانیکردن و پێبژاردن دەکاتەوە."
 
هەروەها، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو راگەیێندراوەدا چەند رێکارێکی داناوە بۆ ئەو کەسانەی کە ویستی سەردانی کردنی عێراقیان هەیە؛ لەوانەش هاوئاهەنگی ئاسایشی نێوان کەسەکە و ئەو رێکخراوەی کاری بۆ دەکات. 
 
ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە سەرچاوەیەکی سەربازی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد ئەمڕۆ (یەکشەممە، 22-10-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاژێر 01:30، هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد. هاوکات، لەبارەی ئەوەی 'هێرشەکە بە چی کراوە؟' سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوت، بە مووشەک هێرشەکە کراوە و دەنگی تەقینەوەیەکیش لەنێو بنکەکەدا بیستراوە.
 
لە چوارشەممەی رابردووەوە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار، بنکەی ئاسمانیی هەریر لە شاری هەریری سەر بە پارێزگەی هەولێر و لە بنکەیەکی سەربازیی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
 
تاوەکو سەرەتای ساڵی رابردوو، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی دەبوونەوە، بەڵام هاوینی هەمان ساڵ، عێراق جۆرێک سەقامگیریی بەخۆیەوە بینی و هێرشەکان وەستان. 
 
لە کۆتایی ساڵی 2021، عێراق رایگەیاند، ئەرکی هێزە شەڕکەرە بیانییەکان لە وڵاتەکەی کۆتایی هاتووە و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گۆڕاوە بۆ راوێژپێدان و مەشقپێکردنی هێزە نێوخۆییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا، دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی و هەزار سەربازی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سێ بنکەی سەربازی و ئاسمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان ماون.
 
هێرشەکان لەکاتێكدان، رۆژی 7ـی مانگ چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و ئەوەش وایکرد، سوپای ئیسرائیل شەڕ دژی ئەو گرووپە چەکدارە رابگەیێنێت. 
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندینجار دووپاتیکردوەتەوە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکات بۆ سەرکەوتنی لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا کە تەلئەڤیڤ دەڵێت، ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی حەماس.