رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بڕیارێکی دادگەی سێی کەرخ رەغەدی کچی سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ حیزبی بەعس سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
دادگەى سێى کەرخ لە بەغدا کە لە 22ـی تشرینى یەکەمى 2023، بڕیارێکی لەبارەی کچە گەورەی سەدام حوسێن دەرکردووە، بڕیاریداوە بێ ئامادەبوونی خۆی و بە شێوەی کاتی، رەغەد سەدام حوسێن، کچى سەرۆکى پێشووترى عێراق بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزا بدات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گوایە رۆڵی هەبووە لە بڵاوکردنەوە و بانگەشەکردن بۆ چالاکییەکانى حیزبى بەعسى قەدەخەکراو لە رێگەى دەرکەوتنى لە کەناڵەکانى راگەیاندن لە ساڵى 2021دا.
بەگوێرەى بڕیارەکە، فەرمانى دەستگیرکردن بۆ رەغەد سەدام حوسێن دەرکراوە و هەر کاتێکیش بڕیارەکە رێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرت، دەبێت سێ ملیۆن دینار بداتە ئەو پارێزەرەى کە دادگەکە بۆ رەغەدى گرتووە و بەرگری لە مافەکانی کردووە.
سزاکە بەگوێرەى مادەى نۆى یاسای قەدەخەکردنى حیزبى بەعس، قەوارە، پارت و چالاکییە رەگەزپەرستی، تیرۆریستى و تەکفیرییەکانى ساڵى 2016ـیە.
مادەى نۆى یاساکە تایبەتە بە رۆڵگێڕان و هاوکاریکردن لە بڵاوکردنەوەى بیروباوەڕ، بۆچوونى حیزبى بەعس و گرووپە رەگەزپەرستی، تیرۆریستی و تەکفیرییەکان لە رێگەى راگەیاندنەوە، کە سزاکەى نابێت لە شەش ساڵ زیندانیکردن کەمتر بێت.
رەغەدی 56 ساڵان، کچە گەورەى سەدام حوسێنە، لەساڵى 2003 بەر لە رووخانى دەسەڵاتى حیزبى بەعس لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانى خێزانەکەى چووە ئوردن و لەو کاتەوە لەو وڵاتە نیشتەجێیە.
لەساڵى 2021، چەند جارێک رەغەد لە کەناڵەکانى راگەیاندن دەرکەوت و رەخنەى ئاراستەى سیستمى ئێستاى دەسەڵاتى سیاسی عێراق گرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ