کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: 240 بەربژێر بەهۆی بەعسیبوون لە هەڵبژاردن دوورخراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 393 بەربژێر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوورخراونەتەوە، کە 240ـیان بەهۆی لێکۆڵینەوە و رێوشوێنەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری دوورخراونەتەوە، واتە پەیوەندییان بە رژێمی پێشووی بەعسەوە هەبووە.
رۆژی یەکشەممە 22-10-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەبارەی ئەو بەربژێرانەی دوورخراونەتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تاوەکو ئەمڕۆ، 393 بەربژێر لەوانەی بەفەرمی ناوەکانیان پێشکێشکی کۆمیسیۆن کردبوو دوورخراوەنەتەوە، بەشی زۆریان بەهۆی رێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەرییە، کە ژمارەیان 240 کەس دەبێت، هەروەها 54ـیان بەهۆی پێشینەی تاوان، 46 بەربژێر بەهۆی گەندەڵی، 12 بەربژێر کارمەندی دەزگا ئەمنییەکانن و هەشت بەربژێریش بەهۆی کەموکورتی لە دۆسیەکانیان دوورخراونەتەوە."
دەستەی باڵای لێپرسینەوە و دادپەروەری، دەستەیەکی عێراقییە، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، بەناوی "دەستەی ریشەکێشکردنی بەعس" دامەزرا. دەستەکە بەپێی یاسایەک کاردەکات بۆ ریشەکێشکردن و دوورخستنەوەی بەعس لە ناوەندەکانی دەسەڵات لە عێراق.
حیزبى بەعس لە دواى ساڵى 2003 لە عێراق هەڵوەشێندرایەوە و بە یاسا کار و چالاکىی سیاسى لێ قەدەخە کرا. بەشێک لە سەرانی بەعس لەوانەش خێزانی سەدام حوسێن، پەنایان بۆ ئوردن بردووە.
بڕیارە لە 18ـی کانوونى یەکەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت. بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت و 6022 کەس خۆیان بەربژێر کردووە؛ بەشێکیان سەربەخۆ و بەشێکیشیان لە چوارچێوەی 66 حیزب و هاوپەیمانیێتیدان.
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 285 کورسی پێکدێت کە 10 کورسیان بۆ پێکهاتەکان لە چوارچێوەی کورسیی کۆتا تەرخان دەکرێن.