بەرپرسێکی کۆمیسیۆن: نەجم جبووری دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بکات

22-10-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن نەجم جبووری هەڵبژاردن کۆمیسیۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات، ئەمەش دوای ئەوەی بە بڕیاری دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق، لە هەڵبژاردن دوورخرایەوە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی (یەکشەممە، 22-10-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا وەک یەکێک لە بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەبێت و بەشداری هەڵبژاردن دەکات، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی سێشەممەی رابردوودا هەڵاوێردنی بۆ کرد، کە پێشتر بە بڕیاری دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق لە هەڵبژاردن دوورخرایەوە. 
 
عیماد جەمیل، رەتیکردەوە گەڕاندنەوەی جبووری پێویستی بە رەزامەندیی پەرلەمان بێت و گوتی "نەجم جبووری ئێستا یەکێکە لە بەربژێرەکان."
 
رۆژی سێشەممە، 17-10-2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەیدا بڕیاری دا بە پەسندکردنی پێشنیاز و راسپاردەی سابت عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان بۆ رەزامەندیدان لەسەر داواکاریی هەڵاوێردنی هەریەک لە نەجم عەبدوڵڵا جبووری و، حەمەد نامس یاسین جبووری لە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری.
 
نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا هەمان رۆژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ناوم لە لیستی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری لابراوە".
 
هەر لەو بارەوە ئەحمەد جبووری، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق کە نزیکە لە نەجم جبووری، هەر رۆژی سێشەممە، وێنەیەکی خۆی و نەجم جبووری لە فەیسبووک بڵاوکردەوە و نووسی "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ناوی هەریەکە لە نەجم جبووری و حەمەد نامس جبووری لە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری دەرهێنا". 
 
رۆژی 25- 09-2023، دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق نووسراوی بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و لیستێکی هاوپێچ کردبوو کە لە 150 کەس پێکهاتبوو و ئاماژە بەوە کرابوو، ئەو کەسانە پێشتر بەعسی بوون و لەسەر ئەو بنچینەیەش مافی ئەوەیان نییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر بن.
 
نەجم عەبدوڵڵا عەبد ساڵح جبووری، پارێزگاری نەینەوا کە خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەربژێر کردووە، یەکێک بوو لەوانەی ناوی لە لیستەکەدا هەبوو. 
 
دوای ئەوەی نەجم جبووری تانەی لە بڕیارەکەی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق دا، رۆژی 11-10-2023 دادگەی پێداچوونەوەی فیدراڵی عێراق کۆبووەوە و، تانەکەی جبووری رەتکردەوە و بڕیارەکەی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری پەسند کرد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق.

فوئاد حوسێن: داعش لە سووریا چەکى نوێى دەستکەوتووە

وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، خوازیارن پرۆسەیەکى سیاسی لە سووریا بونیاد بنرێت کە بەرهەمى گەلى سووریا بێت؛ "رێکخراوى داعش لە سووریا گەشەى کردووە و چەکى نوێی دەست کەوتووە."