بەگومانى تێکەڵکردنى ماددەى هۆشبەر، فرۆشتنى نێرگەلە لە موسڵ قەدەخە دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

بەگومانى تێکەڵکردنى ماددەى هۆشبەر، فرۆشتنى نێرگەلەى ئاسایی و ئەلیکترۆنى لە شارى موسڵ قەدەخەکرا و سەرجەم دووکانەکانى فرۆشتنى نێرگەلە و تووتنەکەى بۆ کاتێکى نادیار دواخران.
 
22ى تشرینى یەکەمى 2022 ، ئەمین فەنەش، قایمقامى ناوەندی مووسڵ بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بە بڕیارى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى کە لە 21ى تشرینى یەکەم دەرکراوە، فرۆشتنى نێرگەلەى ئاسایی و ئەلیکترۆنى لە مووسڵ قەدەخەکرا و سەرجەم دووکانەکانی فرۆشتنى ئەو دوو جۆرە نێرگەلەیە و تووتنەکەى داخراون.
 
ئەمین فەنەش گوتیشى: "بڕیارەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دراوە و بۆ کاتێکی نادیارە، تاوەکو لێکۆڵینەوە دەکرێت لە گومانى تیکەڵکردنى ماددەى هۆشبەر بەو جۆرە نێرگەلانە و تووتنە گیراوەکانیاندا".
 
بەگوێرەى ئامارەکانى فەرمانگەى تەندروستیی نەینەوا، لە ماوەى دوو ساڵدا پێنج هەزار تووشبووى شێرپەنجە لەو پارێزگایە تۆمارکراون کە مووسڵ ناوەندى پارێزگاکەیەتى کە یەکێک لە هۆکارەکانى ئەو نەخۆشییەی بۆ نێرگەلەکێشان گەڕاندووەتەوە.