رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر داوا لە پەرلەمانى عێراق دەکات بڕیارێک دەربکات بۆ کەمکردنەوەى نوێنەرایەتیى دیپلۆماسیی ئەمریکا، تەنانەت ئەگەر حکومەتیش جێبەجێى نەکات. دەڵێت: "پاڵپشتیى جەماوەريى بڕیارەکە دەکەم".
سەرۆکى رەوتى نیشتمانیى شیعە لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بە پاڵپشتیکردنى ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات لە هەموو هەڵسوکەوتەکانى بەرامبەر بە گەلى فەلەستین و لوبنان و گەلانى دیکە.
موقتەدا سەدر داواى لە پەرلەمانى عێراق کرد، بڕیارێک دوور لە تووندوتیژی دەربکات بۆ کەمکردنەوەى نوێنەرایەتیى دیپلۆماسى ئەمریکا وەکو قۆناخى یەکەم، تەنانەت ئەگەر حکومەتى عێراقیش جێبەجێى نەکات.
موقتەدا سەدر نووسیویەتى "دەبێت پەرلەمان نوێنەرایەتیى گەلى عێراق بکات، منیش ئامادەم بۆ پاڵپشتیى بڕیارەکە لە رووى جەماوەرییەوە".
18ـى ئەیلوول ژمارەیەک ئامێری بێتەل (وۆکی تۆکی) لە لوبنان تەقینەوە و رۆژێک بەر لەوەش هەزاران ئامێرى پەیوەندیى پەیجەر تەقینەوە و بەهۆیەوە 37 کەس کوژران و زیاتر لە سێ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون کە زۆربەیان ئەندامى گرووپى حیزبوڵڵاى لوبنانی بوون، ئەو وڵاتە ئیسرائیلی بە ئەنجامانى ئەو کارە تۆمەتبار کرد.
سەرۆکى رەوتى نیشتمانیى شیعە لە نووسینەکەیدا داواى لە رێکخراوى هاریکاريى ئیسلامى و کۆمکارى عەرەبی کرد، مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیل بە تاوان بناسێنن و ئەو وڵاتانە کەنارگیر بکەن کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە یان ئاسایی دەکەنەوە، هەروەها داواى کردووە دەستوەردانى ئەمریکا لە وڵاتانى عەرەبی و ئیسلامى و باڵیۆزخانەکەشى سنووردار بکەن و هەوڵ بدرێت پەیوەنديى ئابوورى لەگەڵیدا بپچڕێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ