ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى: لێدوانەکان لەبارەى هەموارى یاساى بارى کەسی ورد نین

22-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق دەڵێت، ئەو لێدوانانەى لەبارەى هەموارى یاساى بارى کەسی بڵاودەکرێنەوە "ورد نین" و بۆ ئەوەیە پڕۆژەکە سنووردار بکرێت و بەشێوەیەکى نادروست وێنابکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 22ـى ئەیلوولی 2024، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق بۆ تاوتوێکردنى پڕۆژەیاساى هەموارى یاساى بارى کەسى و  هەمواری چەند مادەیەک کۆبووەوە. 
 
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى ئەنجوومەنەکە، لە دواى تاوتوێکردن بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو لێدوانە رۆژنامەڤانییانەى لەبارەى پڕۆژەیاساکەوە بڵاودەکرێنەوە "ورد نین" بۆ ئەوەیە پڕۆژەکە سنووردار بکرێت و بەشێوەیەکى نادروست وێنابکرێت، بەوەى ئامانج لێى بەشوودانى کچى نەوجەوان و لێسەندنەوەى مافى دایەنیکردن لە ژن و بێبەشکردنى ژنە لە نەفەقە و کچ لە میراتى. 
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى دەڵێت: "ئەو وێنانەکردنە راستەقینە نییە و ئەوە نییە کە هەموارەکە دەیەوێت بیکات".
 
بەپێی هەموارى یاساى بارى کەسى کە ئێستا لە پەرلەمانى عێراقە، لە گرێبەستى هاوسەرگیرى مەزهەب دیاری دەکرێت، پەڕاوى حوکمەکانی باری کەسی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و ئەو مەرجەش ناهێڵرێت کە یاسا دیاریکردووە بۆ ئەوەى تەمەنى هاوسەرگیرى لە دادگەکان 18 ساڵ بێت. 
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق رایگەیاند: مادەى 41ـى دەستوور بنەماى بیرۆکەى هەموارى یاسای بارى کەسییە، بۆیە پرسى پەیوەندیدار بە بارى کەسی، بژاردەى کەسەکانە، بەڵام بە گوێرەى یاسایەک رێکدەخرێت کە لە پەرلەمان دەربچێت. 
 
بەپێى مادەى 41ـى دەستوور، هاووڵاتییانى عێراق ئازادن لە پابەندبوون بە بارى کەسییانەوە بەگوێرەى ئایین و مەزهەب و بیروباوەڕ و بژاردەکایانیان و دەبێت ئەوە بەیاسا رێکبخرێت.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری ئاماژەى بەوەداوە، هەموارى یاساکە پەیوەندیدار نییە بە حوکمى لەپێشینەى تایبەت بە بارى خێزان لە هاوسەرگیريی و تەڵاق و دایەنیکردن و نەفەقە، بەڵکو ئەو پرسانەى رەوانەى تۆمارى حوکمى شەرعی دەکرێت کە دواتر لەلایەن ئەنجوومەنى زانستى دیوانى وەقفى شیعە و ئەنجوومەنى زانایان و فەتواى وەقفى سوننە دادەنرێت بە هاوئاهەنگى لەگەڵ ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، تاوەکو لە ماوەى شەش مانگ لە کارابوونى یاساکە، بدرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەى رەزامەندى لەسەر بدرێت.
 
هەموارى یاسای بارى کەسى، لە پەرلەمان خوێندنەوەى یەکەم و دووەمى بۆ کراوە و دەنگدان لەسەری ماوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە