سوودانى: گەشەپێدانى بەردەوام نایەتەدى ئێمە لەژێر هەڕەشەى جەنگدا بین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، پێشکەوتن و گەشەپێدانى بەردەوام لە جیهان نایەتەدى لەکاتێکدا لەژێر هەڕەشەى جەنگدا بن لە ناوچەکە. داواشى کرد عێراق لەپێشینەى پارەدارکردن بێت بۆ پرسی کەشوهەوا، بەوپێیەى "زۆرترین" زیانى بەرکەوتووە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لووتکەى داهاتوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارێکی پێشکێش کرد، رایگەیاند، عێراق لە هەوڵى جدیدایە بۆ هێنانەکایەى گەشەپێدانی بەردەوام و کار لەسەر بەهێزکردنى چاکسازیى ئابوورى دەکات، بۆ باشکردنى ئەو چینانەی دۆخیان نالەبارترینە.
سوودانى گوتى: "پەیوەستین بە چەسپاندنى دەستەواژەکانى دادوەریى کەشوهەوا، بە تایبەت لە بوارى بنەبڕکردنى وشکەساڵى و بەبیابانبوون و گەرەنیتکردنى بەردەوامى سامانى ئاو و ئاسایشى خۆراک."
عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەى جیهان کە زۆرترین کاریگەریى گۆڕانى کەشوهەوای لەسەرە. سوودانی دەڵێت: "رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییەکانى کەشوهەوا پێویستى بە هاوکاریی نێودەوڵەتیى کارایە و پێویستە عێراق لەپێشینەى پارەدارکردن بێت بۆ پرسی کەشوهەوا، بەوپێیەى زۆرترین زیانى بەرکەوتووە."
لووتکەى داهاتوو لە نیویۆرک لە پەراوێزى 79ـەمین کۆبوونەوەکانى کۆمەڵەى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت و تاوەکو 28ـى ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
سوودانى لە گوتارەکەیدا گوتى: "عیراق پابەندە بە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى هاوبەش، متمانەمان بەوەیە کە هاوکاریى نێوانمان رۆڵ دەبینێت لە هێنانەکایەى داهاتوویەکى باشتر و زیاتر بەردەوام بۆ هەمووان، ئەوەى کە هەمووان لەسەرى کۆکن ئەوەیە کە پێشکەوتن و گەشەپێدانى بەردەوام لە سەرجەم بوارەکاندا نایەتەدى لەکاتێکدا ئێمە لەژێر هەڕەشەى جەنگدا بین لە ناوچەکە، کە هەڕەشە لە ئاشتى جیهانى دەکات، بۆیە ئەرکە کاربکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە دوژمنکاری و جەنگ و هێنانە کایەى ئاسایش و سەقامگیرى".