خەزعەلی: دەبێت تۆپە دوورهاوێژەکان لە پێشمەرگە وەربگیرێنەوە

22-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا و پێدانی چەکی قورس بە هێزەکانی پێشمەرگە رەتدەکاتەوە، بە کارێکی هەڵە ناوی دەبات و داوادەکات ئەو چەکانە لە پێشمەرگە وەربگیرێنەوە.
 
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، ئێوارەی رۆژی شەممە 21-09-2024 لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی دووەمی بزووتنەوەی سادقوون-ی سەر بە عەسائیب ئەهلی حەق، گوتارێکی پێشکێش کرد، تێیدا چەند پەیامێکی جیاوازی ئاراستەی لایەنەکان کرد، یەکێکیان بۆ هەرێمی کوردستان بوو.
 
خەزعەلی گوتی، "بۆ هەرێمی کوردستان بە گەل، حکومەت و سەرکردایەتییەکەی؛ ئێمە وەکو برا سەیرتان دەکەین، لە دڵەوە هەستی رێز و خۆشەویستیمان بۆتان هەیە. ئەوەی لە ماوەی ئەم حکومەتە بینیوتانە، بریتییە لە چەندین پەیام، پەیامەکان روون بوون، بەوەی پێداگیرین بە ئێوەوە، دەمانەوێت برای راستەقینە بین، خاوەنی مافی تەواو بن لەژێر چەتری یەک نیشتماندا. ئێستا کاتی ئەوەیە، بگرە ماوەیەکی زۆرە کاتی هاتووە، ئێوە دەستپێشخەریی راستەقینە بکەن، بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانتان."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، خەزعەلی باسی لەوە کردووە، "ئێوە کارامەن لە داواکردنی مافەکانتان؛ بەڵام مافپەروەری و خواستی راستەقینە لە ژیانێکی هاوبەش، لەسەرت پێویست دەکات کە ئەرکی خۆتان بەجێبگەیێنن لەژێر چەتری دەستوور و یاسا."
 
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق راشیگەیاند، "پێموانییە ئێستا بەرژەوەندی لەوەدا هەبێت باسی ئەوە بکەین، کە چی داواکراوە بۆئەوەی ئێوە بیکەن؛ بەڵام ئێوە و گەلەکەمان هەموو دەزانن چی داواکراوە لێتان. دووپاتی دەکەینەوە، بەرژەوەندی و ئاسایش و خۆشگوزەرانیتان لەوەدایە، کە بەشێکی راستەقینەی نیشتمان بن، هەمان ماف و هەمان ئەرکتان هەیە."
 
لە یەکێک لە پەیامەکانیدا کە ئاراستەی حکومەتی عێراقی کردبوو، خەزعەلی بە ناڕاستەوخۆ داوای گۆڕانکاریی لە کابینەی حکومەت دەکات و دەڵێت، "لە سۆنگەی مافپەروەری و بەرپرسیارێتییەوە پشتیوانی لە سەرۆکوەزیران دەکەین لە دەستکاریکردنی کابینەی وەزاری، کە بە گونجاوی بزانێت. لە هەمان کات دووپاتی دەکەینەوە لەسەر تەواوکردنی دامەزراندنی سەرۆک و فەرماندەی دەزگا ئەمنییەکان و دەستە سەربەخۆکان، ئەوەش بەگوێرەی یاسا عێراقییە بەرکارەکان."
 
هەر لەو پەیامەیدا کە ئاراستەی حکومەتی عێراقی کردبوو، ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دووپات دەکەینەوە، بەناو یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا رەتدەکەینەوە، هەروەک رەتیدەکەینەوە تۆپی هاویتزەر بدرێتە هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵکو هەر هێزێکی دیکەی خۆجێیی، جگە لە سوپای عێراق. پێویستە کار بکرێت بۆ رادەستکردنەوەی ئەو هەڵەیە، ئەو تۆپانە بگەڕێندرێنەوە بۆ سوپای فیدراڵی."
 
رۆژی سێشەممە 6ی ئابی 2024 کاروانێکی دیکەی ئەو کۆمەک و هاوکاریانەی هاوپەیمانان کە خۆی لە ژمارەیەک تۆپی هاویتزەر دەبینیەوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پێشکێشی وەزارەتی پێشمەرگە کرا و پاشان لە رێوڕەسمێکدا رادەستی هەردوو فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی (1 و 2)ی وەزارەتی پێشمەرگە کران.
 
پێشتر محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتیی تەقەدووم، دژایەتیی خۆی بۆ پێدانی ئەو تۆپانە بە پێشمەرگە دەربڕیبوو، شەوی 14-09-2024 لە هەژمارەی ئێکسدا نووسی، "بە هەموو شێوەیەک پڕچەککردنی هێزە خۆجییەکان (بە تۆپی قورسی پێشکەوتوو) رەتدەکەینەوە، ئەرکی دەستوورییان تەنیا پاراستنی ئاسایشیی ناوخۆیی سنووری بەرپرسیارێتییانە. ئەم رێکارە رەتکراوەیە، دەبێتە هۆکارێک بۆ لێدان لە ئاسایشی نیشتمانی کۆمەڵگە بەگشتیی و پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک بەتایبەتی."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رادەستکردنی ئەو تۆپانە بە هێزەکانی پێشمەرگە، بە رەزامەندی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی 11 نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ناردنە دەرەوەی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ راگەیاند. بەپێی ئاماری کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو گەیشتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.