رووداو دیجیتاڵ
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ بە درۆن و مووشەک ژمارەیەک شوێنیان لەنێو ئێسرائیل کردووەتە ئامانج، هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشەکانیشی دەکات.
گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن و لە ژمارەیەک ملیشیا پێکدێت، لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی ئەیلوولی 2024 بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، "لە بەردەوامبوون لەسەر رێبازی دژایەتیکردنی داگیرکار و بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکەکەمان لە غەززە و لە وەڵامدانەوەی ئەو کوشتارگانەی لە دژی منداڵان و ژنان و پیر و پەککەوتەکانی فەلەستین دەکرێت، موجاهیدانمان لە رێگەین مووشەکی ئەرقەب (کروزی پێشکەوتووەوە) بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک ئامانجی گرنگیان لە خاکی داگیرکراومان کردە ئامانج."
گرووپە چەکدارەکە دەشڵێت، "ئێمە لە کردنە ئامانجی مۆڵگەکانی دوژمنان بەردەوام دەبین."
لە راگەیێندراوی دووەمیشیدا دەڵێت، لە رێگەی ژمارەیەک درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک ئامانج لە باشووری ئیسرائیل.
هێرشەکە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، بە زیاتر لە 100 مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری پار دەستیپێکرد، دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون؛ نزیکەی 250 کەسیش بە بارمتەگیران.
دوای ئەوە ئیسرائیل هێرشیکردە سەر غەززە و بەپێی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین تاوەکو ئێستا زیاتر لە 41 هەزار کەس کوژراون و 95 هەزار کەس برینداربوون.
لە هەفتەی رابردووەوە شەڕی ئیسرائیل و دژبەرانی بەتایبەت لە بەرەی سنووری لەگەڵ لوبنانەوە گەرم بووە، دوای تەقاندنەوەی هەزاران ئامێری پەیجەر و بێتەلی پەیوەندیکردن لە لوبنان کە بەهۆیەوە 39 کەس کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار کەس برینداربوون، جگە لە کردنە ئامانجی کۆبوونەوەیەکی سەربازیی حیزبوڵڵا کە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە 15 سەرکردەی سەربازیی حیزبوڵڵا، لەسەروویانەوە ئیبراهیم عەقیل، سەرۆکی یەکەی رەزوانی سەربازیی حیزبوڵڵا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ