شیعەکان دژی هەموارکردنەوەی بڕگەیەکی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەن

22-09-2023
زیاد ئیسماعیل
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

پاش رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، تاوەکو ئێستا بەشێک لە لایەنە شیعەکان پشتگیری لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە ناکەن. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەرێمی کوردستان داوای کردووە مووچەی فەرمانبەران لە خەرجیی راستەقینە "ئینفاقی فیعلی" لاببرێت.
 
ئەحمەد جبووری، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ‎"یاسای بودجە و ئەو بڕگانەی تایبەتن بە هەرێمی کوردستان چارەسەر ناکرێت، ئەگەر هەموار نەکرێتەوە، لەو کاتەی ئەو یاسایەمان دەرکرد تێبینیمان لەسەری هەبوو، چونکە یاساکە بۆ سێ ساڵ بوو."
 
پەرلەمانتارە کوردەکان بە هەوڵ و پشتیوانیی لایەنە سوننەکان دەیانەوێت پلانی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بگەیەننە ئەنجام، بۆ ئەوەش تائێستا 120 واژۆیان کۆکردووەتەوە.
 
لایەنە شیعەکان، بەتایبەت دەوڵەتی یاسای نووری مالیکی، دژایەتیی خۆیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە نیشانداوە؛ بە دیاریکراویش لەسەر ئەو بڕگەیەی پەیوەندیدارە بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی هەژموونی لایەنە شیعەکان لە پەرلەمان زاڵە، دوور نییە ئەو بابەتەش بە دەردی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ببرێت.
 
شیعەکان، لە سەرووی هەموویانەوە دەوڵەتی یاسای نووری مالیکی، دژایەتیی خۆیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، بە تایبەتی بڕگەی (ج)م راگەیاندووە، ئەو بڕگەیەی پەیوەندیی بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و لە خەرجیی راستەقینە "ئینفاقی فیعلی"ی جیادەکاتەوە.
 
عارف حەمامی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا باس لەوە دەکات، "ئەم هەموارکردنەوەیە قورسە، چونکە ئەم گۆڕانکارییە دەرگای زۆر دەکاتەوە بۆ هەمواری دیکە، ئەگەر ئەو هەموارە کرایەوە ئێمەش کۆمەڵێک بڕگەمان هەیە زیادی دەکەین، کە بۆ خەڵکی خۆمان گرنگە،  بۆیە ئەم بابەتە پێشنیار کراوە ئێستا پاڵپشتیی جیدیی نییە."
 
دەستەی سەرۆکایەتی و شیعەکان، کە زۆرینەی نێو پەرلەمان پێکدەهێنن، دەتوانن قسەی کۆتایی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە