وەزیری پەروەردەی عێراق: خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بەغدا و پارێزگاکانی دیکەش هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەروەردەی عێراق بە رووداوی گوت، ژمارەیەکی زۆر قوتابی و قوتابخانەیان لە هەرێمی کوردستان هەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەخۆی گرتوون. دەشڵێت، خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بەغدا و هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەخوێندرێت.
 
رۆژی هەینی 22ی ئەیلوولی 2023 ئیبراهیم نامس جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، نێردەی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتی، "پەیوەندییەکی باش لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە؛ هاوئاهەنگی و پێکەوە کارکردنێکی گەورە لەنێوان وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی و وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا هەیە."
 
وەزیری پەروەردەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گەورەی گێڕاوە کە ئاوارەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی لەخۆگرتووە. گوتیشی، "ژمارەیەکی زۆر قوتابیمان لە هەرێمی کوردستانن؛ ژمارەیەک قوتابخانەمان لە هەرێم[ی کوردستان] هەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی گرتوون."
 
لەبارەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، کە زۆرجار هاونیشتمانییانی کەرکووک گلەیی لە وەزارەتی پەروەدەی عێراق دەکەن بەوەی هاوشێوەی خوێندنی عەرەبی هاوکاریی خوێندنی کوردی ناکات، ئیبراهیم نامس جبووری گوتی، "بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیمان هەیە کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە و پەیوەندیی بەو پرسەوە هەیە. خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بەغدا و هەموو پارێزگاکانی دیکەش هەیە؛ سوپاس بۆ خودا، دامەزراندنی مامۆستایانی کورد هەیە کە تایبەتن بە خوێندنی کوردی، هیچ بەربەست یان کێشەیەک لەم رووەوە نییە."
 
زیاتر لە 10 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکان بەگشتی و بە تایبەت لە کەرکووک، شنگال و خانەقین خوێندنی کوردی بە قوتابییان دەڵێنەوە و مووچە، پەرتووک و هەموو شایستە و پێداویستییەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دابیندەکرێت.