لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن بە پاس بچنە فڕۆکەخانەی بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
هاتووچۆی هاووڵاتییان بە هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کارادەکرێ. لەمەودا هاووڵاتییان دەتوانن بە پاس هاتووچۆی فڕۆکەخانە بکەن.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 22-08-2024) مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای کردنەوەی دەرگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بە رووی هاووڵاتیان، بەمنزیکانەش پڕۆژەی گواستنەوەی بەکۆمەڵ (پاس) بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بە نرخێکی رەمزی کارادەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، گۆڕەپانی پاسەکان دەکەوێتە ناوچەی عەللاوی شاری بەغدا، لەو گۆڕەپانەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەڕێدەکەوێ و دواتر دەگەڕێتەوە، ئەگەر هەیە ئاراستەی هاتووچۆی پاسەکانیش فراوانتر بکەن.
رۆژی شەممە 17-08-2024 رەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوەی عێراق، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدای بە رووی هاتووچۆی گەشتیار و هاووڵاتیان بەتەواوی کردەوە. ئەوەش بەگوێرەی رێنمایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە رێکوپێکی بچنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
رێڕەوی چوونە ژوورەوە بۆ فڕۆکەخانە بەسەر 6 رێڕەودا دابەش دەکرێت کە بەم شێوەیە دەبێت؛ هاتووان، رۆیشتووان، فەرمانبەران، بارهەڵگران، کۆمپانیای تاکسیی رێگەپێدراو و هەڵگرانی باجی تایبەت. هەریەکە لەوانە رێڕەوێکی تایبەتی دەبێت. جگە لەوەی رێگە بە هاووڵاتییان دەدرێت بۆ پێشوازیی گەشتیاران بچنە نێو گۆڕەپانی فڕۆکەخانەکە، بێ ئەوەی داوای وڵاتینامە و کارتی نیشتمانییان لێبکرێت، بەڵکو رێکارەکان بەشێوازی رێکخراو و ئاسایی دەبن.
لە ساڵی 2003ـوە رێکاری ئەمنی تووند لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەگیرێتەبەر، بەشێوەیەک هاتووچۆی گەشتیاری زەحمەت کردووە. بۆ چوونە نێو فڕۆکەخانەی بەغدا، بە چەندین خاڵی پشکنین تێدەپەڕیت کە جگە لە وردبوونەوە لە ناسنامە، پشکنینی کەس و ئۆتۆمبێل و هەموو جۆرە جانتایەک دەکرێت، ئەگەر کەسەکە گەشتیار بێت یان بۆ پێشوازی لە گەشتیار بچێت.
هەروەها لەو کاتەوە رێگەنەدراوە گەشتیار یان ئەو کەسانەی بۆ پێشوازی گەشتیار دەچن، بە ئۆتۆمبێلی خۆیان یان تاکسی بگەنە بەردەم دەرگای فڕۆکەخانە؛ دوایین شوێن کە دەتوانن پێی بگەن، گۆڕەپانێکە لە دەرەوەی فڕۆکەخانە بە ناوی گۆڕەپانی (عەباس بن فرناس) و لەوێوە دەبێت بە تاکسی تایبەتی فڕۆکەخانە بچنە ژوورەوە.
بۆ چوونەژوورەوە بۆ نێو فڕۆکەخانەی بەغدا، هاووڵاتی لانیکەم بە چوار قۆناخی پشکنیندا تێدەپەڕێت، کە دووانیان سەگی تایبەت تێیاندا بەکاردەهێندرێن.