دوای حەسحەس، نەتالی لە بەغدا دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
نەتالی، کچە تیکتۆکەری عێراقی لەسەر بڵاوکردنەوەی بابەتی "پڕوپووچ و دوور لە دابونەریتی کۆمەڵایەتی" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە شاری بەغدا دەستگیرکرا.
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەگوێرەی مادەی 403 لە یاسای سزادانی عێراقی، لەسەر بڵاوکردنەوەی بابەتی پڕوپووچ و دوور لە دابونەریتی کۆمەڵایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دوێنێ رەغد محەممەد غالی جەبر جەنابی، ناسراو بە نەتالی دەستگیرکرا."
نەتالی لەدایکبووی ساڵی 2002ـە، دانیشتووی ناوچەی ئەعزەمییەیە لە شاری بەغدا، کەسایەتییەکی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.
رۆژی شەممە 03-08-2024، هەر لەبەر هەمان هۆکار، وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ عەناد خالید ناسراو حەسحەس دەرکرد.
بڕیارەکە دوای ئەوە هات، حەسحەس لایڤێکی لەگەڵ ژنە پۆرن ستاری عێراقی میرا نووری کرد کە لە دەرەوەی وڵاتە و پێیدەڵێ، "میرا، تۆ سەرچاوەی دڵخۆشی بۆ ئێمە. کاتێک سەیری تۆ دەکەم، دڵەڕاوکێم نامێنێ و هەموومان بە بۆنەی تۆوە دڵخۆشین."
رۆژی یەکی ئەم مانگەش لیژنەی وردبوونەوە لە نێوەڕۆکی بابەتەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەسەر بنەمای بڕیاری دادگەی کەرخ، رێکاری یاسایی دژی ئایە شەمەری، کەسایەتی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەبەر.