شەڕ و پێکدادان لە نەجەف کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
شەڕ و پێکدادان کە دەگوترێ هۆزایەتییە لە ناوچەیەکی نەجەف روویدا و کوژرا و برینداری لێکەوتەوە، لەنێو بریندارەکاندا زیارەتکاریش هەن.
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەجەف ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 22-8-2024) لە راگەیێندراوێكدا بڵاویکردەوە، شەڕەکە لە ناوچەی زەرگە لە باکووری قەزای کوفە روویداوە، بەو هۆیەوە 70 کەسیان لە هەردوولا شەڕکەرەکە دەستگیرکردووە.
فەرماندەیی پۆلیسی نەجەف هەروەها دەڵێ دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیی جۆراوجۆردا گرتووە و بەدوای کەسانی دیکەش لە لایەنە شەڕکەرەکاندا دەگەڕێن تاوەکو دەستگیریان بکەن.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی نەجەف بڵاویکردەوە، لەو شەڕەدا دوو کەس کوژران و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون، لە نێویاندا زیارەتکاری ئێرانی هەن.
ئەو شەڕە لەکاتێکدایە؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆش شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای عێراق و گرووپی جوندولئیمام ـی سەر بە حەشدی شەعبی لە قەنتەرەی سەلام لە کەربەلا روویداوە.