رووداو دیجیتاڵ
داهاتى باجى 8 مانگى ئەم ساڵى عێراق بەراورد بە ساڵى رابردوو 22% زیادیکردووە، بە گوتەى سەرۆکوەزیران ئەو هەنگاوە "گرنگە" بەڵام"هەڵەیە" هەر کات ناجێگیریى لە نرخى نەوت رووبدات حکومەت ئەوە بە دەرچەیەک بزانێت و پەناى بۆ ببات.
22ى ئاب، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەرۆکایەتى کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى بەدواداچوونى جێبەجێکردنى چاکسازیى باجى کرد.
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەم ساڵ تاوەکو مانگى ئاب، رێژەى داهاتى باج بەراورد بە هەمان ماوەى ساڵى رابردوو 22% زیادیکردووە.
محەممەد شیاع سوودانى، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لە گرنگى چاکسازیى باج کردووە وەک بژاردەیەکى ستراتیژیى بۆ پەرەپێدانى گشتگیرى ئابووریى نانەوتى، بەڵام جەختى لەوە کردووەتەوە "هەڵەیە" هەر کات ناجێگیریى لە نرخى نەوت رووبدات حکومەت ئەوە بە دەرچەیەک بزانێت و پەناى بۆ ببات.
بە گوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى دارایی عێراق، لە سەرەتاى ئەم ساڵ تاوەکو مانگى حوزیرانى رابردوو، داهاتى جۆرەکانى باج گەیشتووەتە 2.9 تریلیۆن دینار.
لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى پرۆسەى ئامادەکردنى رەشنووسى پڕۆژەیاسایەکى نوێ کراوە بۆ باجى داهات کە بە هاوکارى رێکخراوى هاریکاریى ئەڵمانى (GIZ) ئامادەى دەکەن، بەشێوەیەک کە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانى دۆستى ژینگەى تێدا رەچاو بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ