وەزیری دەرەوەی سعودیە گەیشتە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 22-08-2024، فەیسەڵ بن فەرحان ئالسعود، وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە دەڵێ، سەردانەکە "بۆ تاوتوێکردنی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانە لە بوارە جیاوازەکاندا".
ئەو سەردانە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش و گفتوگۆکردنی ئەو پرسانەیە کە جێگەی بایەخی هاوبەشی نێوان عێراق و سعودیەن، بەتایبەتی پەرەپێدانەکانی هەرێمیی کە پێویستی بە هاوئاهەنگیی نێوان بەغدا و ریازە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە.
عێراق و سعودیە نزیکەی 830 کلیۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە. ئەنجوومەنی ھاریکاریی سعودی - عێراقی لە ساڵی 2017 بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی سعوديه و عێراق لە بوارە جیاجیاکان دامەزراوه.
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان سعوديه و عێراق لە ساڵی 2022دا 1,5 ملیار دۆلار، بەڵام سعوديه دەیەوێت زیاتری بکات.