لە کۆلێژی سەربازیی رۆستەمییە 80 کورسیی هەرێمی کوردستان بەفیڕۆچوون
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆلێژی سەربازیی رۆستەمییە 150 کورسی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراون، دوای راگەیاندنی ناوی وەرگیراوان، دەرکەوت کە تەنیا 71 خوێندکاری هەرێمی کوردستان لە کۆلێژەکە ناویان گەڕاوەتەوە، لەوانە تەنیا دوو خوێندکاریان لە سنووری پارێزگای هەولێرن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-08-2024، وەزارەتی بەرگریی عێراق لیستیی ناوی خوێندکارانی وەرگیراوی خولی 114ی کۆلێژی سەربازیی رۆستەمییەی بڵاوکردەوە. داوا لە وەرگیراون دەکات، رۆژی 28ی ئاب 2024 پەیوەندی بە کۆلیژی سەربازییەوە بکەن.
بە گوێرەی لیستەکە، تەنیا 71 کەس لە هەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان وەرگیراون، 65 لە دهۆک، چوار لە سلێمانی و دوو لە هەولێر.
سەگڤان یوسف، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 22-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە خولی 114ی کۆلیژی سەربازی رۆستەمییە هەزار و 500 کورسی بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق تەرخانکراون، کە 150 کورسییان بۆ هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک بوو، کەچی دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، تەنیا 71 خوێندکاری هەرێمی کوردستان وەرگیراون.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، هۆکاری کەم وەرگرتنی خوێندکارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خوێندنکارێکی کەم لە هەرێمی کوردستان داواکارییان پێشکێشکردووە، دەڵێت، نزیکەی 130 بۆ 140 کەس داوایان پێشکێشکردبوو، لەوانە لە دهۆک نزیکەی 120 کەس، کە 65 یان لە تاقیکردنەوەی توانای جەستەیی دەرچوون و وەرگیراون، لە سلێمانی 4 کەس داواکارییان پێشێکێشکردووە و وەرگیراون، لە هەولێریش پێنج کەس داواکارییان پێشکێش کردووە، تەنیا دووانیان لە تاقیکردنەوەی توانای جەستەیی دەرچوونە و وەرگیراون.
بە گوتەی سەگڤان یوسف، نزیکەی 80 کورسی هەرێمی کوردستان لەو خولە بەفیڕۆچووە، لەکاتێکدا دەبووایە خەڵکێکی زۆر داواکارییان پێشکێش بکردایە، لانیکەم 500 کەس داواکاری پێشکێش بکەن، بۆ ئەوەی 150 کەس لە تاقیکردنەوەی توانای جەستەیی دەربچن و وەک پشکی ئەو سێ پارێزگایە وەربگیرابان.
جگە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک لەسەر پشکی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک و بەغدا، کورد لەو خولە وەرگیراون. کۆلێژی سەربازیی رۆستەمییە لە بەغدایە و سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراقە.