رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بابەتی "جیاوازی لە بڕی پارەکانی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024" پێکهێنراوە، جگە لە گواستنەوەی دوو تریلیۆن دینار لە وەزارەتەکانەوە بۆ پارێزگاکان.
موحسین مەندەلاوی، لە بری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی جیاوازی لە خشتەکانی بودجە، ئەوانەی حکومەت بۆ پەرلەمانی ناردن و ئەوەشی کە پەرلەمان بۆ حکومەتی ناردووە دوای پەسندکردنی، رایگەیاند "خشتەکانی یاسای بودجە کە پەرلەمان پەسندیکردوون، ئەوانەن کە بۆ حکومەت بەپێی بڕیاری ژمارە 64ـی پەرلەمان، نێردراوە بەبێ هەموارکردنەوە، خشتەکانیش هەمان ئەوانەن کە حکومەت ناردوونی، سەرۆکایەتی پەرلەمان لیژنەیەکی باڵای بۆ وردبینی لەو بابەتەی وروژێندراوە، پێکهێناوە بۆ دەرخستنی راستیی بابەتەکە."
دەشڵێت "تەنیا دەسەڵات دراوە بە حکومەت بۆ گواستنەوەی بڕی دوو تریلیۆن دینار بۆ پارێزگاکان بەپێی رێژەی دانیشتووان و هەژاری، ئێمە هەمان ئەو کۆپییەمان بۆ حکومەت ناردووەتەوە کە بۆی ناردبووین."
موحسین مەندەلاوی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، هەر کەس و دەزگایەکی راگەیاندن شتی ناڕاست بڵاوبکاتەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکەنەوە، کە بە گوتەی ئەو "ئەو لایەنانە هەوڵی شێواندنی رای گشتی دەدەن بۆ مەبەستی ناڕەوای دوور لە ئەمانەت و گواستنەوەی بێلایەنانە و بابەتییانە."
محەممەد شیاع سوودانی بە نووسراوی ژمارە (4000/2421674) کە لە رۆژی 1ـی تەممووزی 2024 بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ناردووە، چوار تێبینی لەبارەی خشتەکانی بودجەی گشتیی ساڵی 2024 تۆمارکردووە و داوای لێکردوون جیاوازییەکان روونبکەنەوە.
حوکەمەت روونیکردبووەوە سێ وێنەی جیاوازی خشتەی بودجە هەن، یەکێکیان ئەوەیە، کە ئەنجوومەنی وەزیران و دواتر پەرلەمان پەسندیان کردووە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام دوو وێنەی دیکە هەن کە جیاوازن لەو وێنەیەی حکومەت پەسندی کردووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، جیاوازییەکە 15 تریلیۆن دینار دەبێت. ئەو بڕە لەو خشتانەی پەرلەمان ناردوویەتی زیاترە لەوەی حکومەت.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 21ـی تەممووزی 2024، وەڵامی نووسراوێکی حکومەتی عێراقی دایەوە و دەڵێت "ئێمە خشتەکانی بودجەمان وەک خۆی پەسندکردووە، وەک ئەوەی لە حکومەتەوە پێمانگەیشتووە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەنجوومەنی وەزیران بڕی دوو تریلیۆن دینار لە وەزارەتەکانەوە بۆ پارێزگاکان بگوازێتەوە و بەپێی رێژەی دانیشتووان و هەژاری دابەش دەکرێت."
بڕیاری 64ـی پەرلەمانی عێراق، کە رۆژی 3ـی حوزەیرانی ئەمساڵ دەریکرد، بۆ پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق بوو.
بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024، تەنیا خشتەکانی نێردرایە پەرلەمان، بەو پێیە بودجەی سێ ساڵییە "2023، 2024 و 2025" قەبارەی خەرجییەکانی 211 تریلیۆن و 900 ملیار دینار و داهاتەکانی 147 تریلیۆن و 800 ملیار دینارە و کورتهێنانەکەشی 64 تریلیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ