رێکارەکانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە کەربەلا چڕکراوەتەوە

23-08-2022
رووداو @Rudawkurdish
قەسابخانەیەک لە کەربەلا. وێنە: رووداو
قەسابخانەیەک لە کەربەلا. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەربەلا

ئەحمەد گەنجێکە کاری قەسابی دەکات لە یەکێک لە گەڕەکەکانی پارێزگای کەربەلا، ئەو بەبێ هیچ ترسێک لە تووشبوون بە تای خوێنبەربوون مامەڵە بە گۆشتەوە دەکات، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، مەڕ و ماڵاتەکانیان پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت و لە شوێنی تایبەت سەردەبڕدرێن، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی خۆی و کەسانی دیکە.
 
ئەحمەد حوسێن، قەساب دەڵێت، "نرخی گۆشت لە هەندێک شوێن بەرز و لە هەندێک شوێنی دیکە دابەزیوە، نرخی کیلۆیەک گەیشتووەتە حەوت هەزار دینار، بەڵام نرخی جێگری هەر کیلۆیەک گۆشت 10 هەزار دینارە. پێشتر هاووڵاتییان ترسیان لە کڕینی گۆشت هەبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە. ئێمە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە سەردەبڕین لەژێر چاودێریی پزیشکی و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی و لەڕێگەی پسووڵەکانەوە ئەمە دەسەلمێندرێت."
 
نەخۆشخانەی ڤێتێرنەریی کەربەلا، رێکاری خۆپارێزیی تووندی گرتووەتەبەر لەبارەی سەربڕینی هەڕەمەکی و شوێنەکانی بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات، ئەمەش لەڕێگەی گەڕان و پشکنینی چڕی شوێنی گۆشتفرۆشەکان و پابەندکردنی قەسابەکان بەوەی مەڕ و مەڵاتی نەخۆش سەرنەبڕن، ئەمەش وێڕی بەردەوامیی کاری تاقیگەکانیان بە مەبەستی گەڕان بەدوای گەڕی و مێروولە کە دەبنە هۆی نەخۆشی و قەڵاچۆکردنیان.
 
دکتۆر وسام جابری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری لە کەربەلا دەڵێت، "میکانیزمێک هەیە، بۆ پشکنینی ئاژەڵەکە پێش و لە کات و لەدوای سەربڕینەکە، ئەمەش لەژێر سەرپەرشتیی کارمەندی ڤێتێرنەریی پسپۆڕ دەبێت، ژمارەی تووشبووان لە پارێزگای کەربەلا کەمە، بەڵام رێکاری تووندمان گرتووەتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی تووشبوون، کاتێک یەکەم تووشبوو و دواتر تووشبووی دیکە لە پارێزگای کەربەلا سەرهەڵدەدات. کۆنترۆڵکردنی شوێنەکە بەوە دەبێت کە هێنان و بردنی ئاژەڵ لەو شوێنە قەدەخە دەکرێت، ئەمەش رێگری دەکات لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لە پارێزگاکانی دیکە و تۆمارکردنی تووشبووی زیاتر."
 
فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای کەربەلا، 12 تووشبووی تای خوێنبەربوونی تۆمار کردووە، بەهۆیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش گومانی تووشبوونیان لێدەکرێت. هاوکات رێکاری تەندروستی و خۆپارێزی گراوەتەبەر بە مەبەستی سنووردانان لەبەردەم تووشبوون و بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بۆ پارێزگاکانی دەوروبەر.
 
دکتۆر رەنا کەریم، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەربەلا دەڵێت، "رێکارەکانی خۆپارێزی لە ماڵی قەسابەکە دەستپێدەکات، ماڵەکەی پاکە و دەڕشێنرێت، دواتر نەخۆشەکە لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێت و کەرەنتین دەکرێت، ئەمەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەکانی ڤێتێرنەری، شارەوانی و ناوخۆ."
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەمساڵ لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو ڤایرۆسەوە تائێستا لە سەرتاسەری عێراقدا 304 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، کە 56یان گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.