زیادبوونی جموجۆڵی داعش لە عێراق ترس و نیگەرانیی دروستکردووە

 
رووداو - بەغدا

تاوەکو دێت جموجۆڵەکانی داعش لە چەندین ناوچەی عێراق زیاتر دەبن. لە دوایین هێرشیاندا لە 20ی ئەم مانگە لە نزیکترین ناوچەی نزیک لە پایتەختی عێراق، کە قەزای تارمییەیە، چەکدارانی داعش چوار چەکداری حەشدی شەعبییان کوشت و 12ی دیکەشیان لێ بریندارکردن.
 
تارمییە لای هەندێک لە لایەنە شیعەکان وەکو مەترسیدارترین شوێن بۆسەر بەغدا وێنا دەکرێت، چونکە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە داعشی لێ بنبڕ بکرێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی شێخەکانی تارمییە گێڕانەوەی ئارامیی ئەو ناوچەیە بە دروستکردنی ھێزێک دەبینێت کە لە خەڵکی ناوچەکە پێکهێندرابێت.
 
شێخ سەعید مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی شێخەکانی تارمییە رایگەیاند، "شانەی ھەواڵگری لە ناوچەکەمان بە باشی کار دەکەن، ئەوان و حەشدی شەعبی توانییان چەند تیرۆریستێک بگرن و بیانکوژن، کە ژمارەیان هەشت کەس بووە و بەردەوامیشن لە گەڕان و ھەموو عەشیرەتەکانیش یارمەتیدەرن، خۆم داواکارییەکم بۆ سەرۆکوەزیران نووسیوە و بەپێی زانیارییەکانم رازی بووە بۆ پێکهێنانی ھێزێکی ئەمنی لە ناوچەکە، ئەگەر ھێزێکی فریاکەوتن لە خەڵکی ناوچەکە بێت، ئەوا ئەوان ھەموو ناوچەکە شارەزان".
 
تارمییە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە باکووری بەغدا و لە چوارگۆشەی پارێزگاکانی بەغدا، سەلاحەدین، دیالە و ئەنبار هەڵکەوتووە و پردی پەیوەندیی سێ پارێزگای سوننەنشینە لەگەڵ بەغدایەک کە دوای ساڵی 2003 کەوتە ژێر حوکمی شیعە. هەر ئەو پێگە جوگرافییەش وایکردووە ساڵانێکە ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە، فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی پێیوایە چارەسەری ئەو ناوچەیە پێویستی بە پێکهێنانی ھێزێکی سوننە لە خەڵکی ناوچەکە و سەرکردەیەکی ئەمنیی سوننەیە.
 
عەبدولڕەحمان جەزائری، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت "بە بڕوای من ئەوەی ناوچەکە دەپارێزێت، دەبێت خەڵکی ناوچەکەبن، بەڵام دەبێت بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان بێت، کاتێک سەرکردەیەکی حەشدی عەشائیری ھەبێت لە ناوچەی تارمییە، سەر بە حەشدی شەعبی یان وەزارەتی بەرگری یانیش ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان بێت، بەردەوام وایە بابەتەکە چارەسەر دەبێت یان ئەوەیە کردەوەکانی تیرۆر زۆر کەم دەبنەوە لەو ناوچەیە کە شوێنێکی ستراتیژییە و نزیکە لە بەغدا".
 
هێرشە بەردەوامەکانی داعش لە تارمییە لە کاتێکدایە، بەردەوام زۆربەی بەرپرسانی سەربازی و سیاسی، بەتایبەت حەشدی شەعبی، داوای کشانەوەی یەکجاریی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن و دەڵێن، هێزەکانی عێراق خۆیان توانای پاراستنی عێراقیان هەیە و پێویستیان بە هیچ هێزێکی بیانی نییە.