لە عێراق 76 قوتابیی شەشی ئامادەیی کۆنمرەیان 100ـە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

76 قوتابیی شەشى ئامادەیی لە بەشى زانستى لە عێراق یەکەم بوون و کۆنمرەکانیان 100 بووە. زۆرترین رێژەی دەرچوون لە بەشی زانستی لە پەروەردەى یەکەمى کەرخ لە بەغدا بووە و لە بەشی وێژەییش لە سنووری پەروەردەى سەلاحەددین بووە.
 
وەزارەتى پەروەردەى عێراق ئەمڕۆ (دووشەممە، 22ـی تەممووز) ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى شەشى ئامادەیی بۆ هەردوو بەشی زانستى و وێژەیی بۆ ئەمساڵ بڵاوکردەوە.
 
لە بەشى زانستى، پەروەردەى یەکەمى کەرخ لە بەغدا لە ریزبەندیی یەکەمدا بووە لە ڕووى زۆریی ژمارەی دەرچوونى قوتابییەکانییەوە و پەروەردەى دووى رەسافەش لە پلەی دووەم، پەروەردەى نەجەفیش سێیەم بووە.
 
لە بەشى وێژەیی پەروەردەى سەلاحەددین یەکەم، پەروەردەى کەرخى یەکەم لە بەغدا دووەم و نوێنەرایەتیی خوێندنى عەرەبی پەروەردە لە هەولێر، سێیەم بووە لە رووی زۆریی ژمارەی دەرچووانەوە.
 
76 قوتابی شەشى ئامادەیی بەشى زانستى لەسەر ئاستى عێراق یەکەم بوون، ئەو قوتابیانە کۆنمرەکانیان 100% بووە. یەکێک لەو قوتابیانە بەناوی کاردۆ فەرحان، قوتانی خوێندنی کوردی بووە لە کەرکووک.
 
 
مورتەزا حەبیب، یەکەمى بەشی وێژەیی شەشى ئامادەیی بووە لەسەر ئاستى عێراق، کۆنمرەى 98.7 بووە و قوتابیى ئامادەیی نسوور بووە لە بەغدا، دووەمى بەشى وێژەیی عەلى سەدام عەبدولحوسێن، قوتابیى دواناوەندى رائید لە بەغدا بووە، کە کۆنمرەى 98.1 بووە، سێیەمى سەر ئاستى عێراقیش لە شەشى وێژەیی مەعاز محەممەد قوتابیى دواناوەندیی قەسانەیەیە لە واست و کۆنمرەکانى 98 بووە.      
 
زیاتر لە 300 هەزار قوتابیی شەشى ئامادەیی بە هەردوو بەشی زانستى و وێژەیی لە عێراق بەشدارییان لە تاقیکردنەوەى وەزاریدا کرد.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە