نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات عێراق ببێتە رێڕەوێکی سەرەکیی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر

رووداو دیجیتاڵ

 

ساڵی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی عێراق ریکۆردیان لە دەستبەسەرداگرتنی بڕی ماددەی هۆشبەردا شکاند، کە بە مەزەندەی دەسەڵاتدارانی عێراقی بەهاکەی گەیشتووەتە نزیکەی 144 ملیۆن دۆلار، بەڵام لە هەمان کاتدا وڵاتەکە بووەتە رێڕەوێکی سەرەکیی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکە. 
 
رۆژی دووشەممە لە دووەم کۆنگرەی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە بەغدا، نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی بەربڵاویی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق و زیادبوونی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئەو راپۆرتە؛ لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق لە رادەبەردەر زیادی کردووە. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، تەنیا ساڵی رابردوو، هێزە ئەمنییەکان "دەستیان بەسەر زۆرترین بڕی حەبی کاپتەگۆن کە 24 ملیۆن حەب بووە، گرتووە." ئەمەش دەکاتە 4.1 تۆن حەب و مەزندە دەکرێت بەهاکەی بگاتە 84 بۆ 144 ملیۆن دۆلار.  
 
لە راپۆرتەکەی یوئێندا هاتووە "پێدەچێت عێراق بووبێتە رێڕەوێکی هەرێمی بۆ هەردوو جۆری ماددەی هۆشبەری مێتامفێتەمین و کاپتەگۆن"، راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات عێراق بووەتە ترانزێتێکی سەرەکیی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەدا باس لەوە دەکات رێژەی دەستبەسەرداگرتنی حەبی کاپتەگۆن لەنێوان ساڵانی 2022 و بۆ 2023، سێ هێندە زیادیکردووە، بەراورد بە ساڵی 2019ـش، لەسەدا 34 هەڵکشاوە. 
 
حەبی کاپتەگۆن، بووەتە بەربڵاوترین جۆری ماددەی هۆشبەر لەنێو وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. سووریا بە گەورەترین هەناردەکاری ئەو حەبە لە ناوچەکە دادەنرێت و گەورەترین بازاڕی ساخکردنەوەشی سعودیەیە. 
 
دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوام هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی بڕی زۆری ماددەی هۆشبەر رادەگەیێنن، بەتایبەتی کاپتەگۆن، کە زۆربەیان لە سووریاوە دەهێنرێنە نێو عێراقەوە، ئەو وڵاتەی 600 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ عێراقدا هەیە. 
 
بەگوێرەی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 82٪ـی حەبی کاپتەگۆن کە لە ساڵانی 2019 بۆ 2023، لە عێراقدا دەستی بەسەرداگیراوە، لە سووریاوە هاوردە کراوە. 17٪ـشی لە لوبنانەوە. 
 

هەروەها یوئێن ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا عێراق بووەتە رێڕەوێکی سەرەکیی ناوچەکە بۆ بازرگانی بە ماددەی هۆشبەری جۆری مێتامفێتەمین کە زۆرینەی لە ئەفغانستان بەرهەمدەهێنرێت و لەوێوە رەوانەی وڵاتانی کەنداو و ئەورووپا دەکرێت. 
 
رێژەی دەستبەرداگرتنی ئەو جۆرە ماددە هۆشبەرەش لە عێراقدا لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2023، شەش هێندە زیادیکردووە. 
 
عێراق، جگە لەوەی بووەتە رێڕەوێکی سەرەکیی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکە، رێژەی بەکارهێنانیش لە چەند ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو تێیدا زیادیکردووە. 
 
بەمەبەستی بنبڕکردنی ئەو دیاردەیەش حکومەت رێکارەکانی تووندتر و فراوانتر کردووە، ئەمەش لەدوای گوشاری وڵاتانی کەنداوی عەرەبی کە رێکارەکان زیاتر بکەن. 
 
لە کۆنگرەکەی بەغدا کە نوێنەرانی وڵاتانی ناوچەکەش ئامادەی بوون، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای هاوئاهەنگیی زیاتری هەرێمایەتیی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.
  
سوودانی گوتی "هاوئاهەنگی و هاوکاریکردن بۆ رووبەڕووبوونەوە و لەنێوبردنی گرووپە چەتەکانی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان، خزمەت بە ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتیش دەکات. عێراق ئامادەی هەموو هاوئاهەنگییەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە تاوانێکی سەر سنوورەکان. ئێمە پاڵپشتی لە هەموو هەوڵێکیش دەکەین بۆ لەنێوبردنی تۆڕەکانی ماددە هۆشبەرەکان، ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و وشککردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی ماددە هۆشبەرەکان."