بڕیارە هەفتەی داهاتوو لایەنە ناکۆکەکانی پارێزگای نەینەوا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان کۆببنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، فراکسیۆنی (نەینەوای داهاتوو) داواکەی پارێزگاری نەینەوای رەتکردووەتەوە سەبارەت بە کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان. ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنەکە دەڵێ، بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەکە بکرێ.
رۆژی دووشەممە 15-07-2024، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا داوای کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو و فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو کرد، بە بەشداری هەرسێ وەزیرەکەی نەینەوا لە حکومەتی عێراق؛ وەزیری بەرگری، رۆشنبیری و کۆچ و کۆچبەران لەگەڵ نوێنەرانی پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق، بۆ چارەسەرکردنی بابەتی گۆڕینی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان.
بەڵام ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتیی کوردستان، رۆژی دووشەممە 22-07-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "داواکە لەلایەن فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو کە سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، رەتکرایەوە، بۆیە کۆبوونەوەکە شکستیهێنا و نەکرا."
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێکدێت کە سێیان کۆتان. پارتی چوار کورسی و یەکێتی دوو کورسی هەیە. ئەنجوومەنەکە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە. بەرەی یەکەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە لە بەشێکی سوننەکان و پارتی پێکهاتووە. بەرەی دووەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو کە 16 کورسی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکە لێی.
دووبەردانی گوتی، وێڕای رەتکردنەوەی داواکە، بەڵام پارێزگاری نەینەوا لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێ، هەردوولا لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
بێ بەشداری فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەخۆدەگرێ و 13 ئەندامی هەیە، رۆژی 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاریی لە 15 پۆستی کارگێڕیدا کرد.
نوێنەرەکەی پارتی جەختی لەوە کردەوە، مکوڕن لەسەر ئەوەی دەبێ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەبارەی هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان هەڵبوەشێتەوە، ئەگەرنا بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ناکەن.
ویسام سالم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە سەر بە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتووە رۆژی دووشەممە 22-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارێزگاری نەینەوا داوای کۆبوونەوەی لە هەردوولایەن کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی وادەی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو داوایان کردووە ئەو پرسە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێ. لە دادگەی کارگێڕیی لە بەغداش سکاڵایان تۆمار کردووە و چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی سکاڵاکەن.
مەروان محەممەد تائی، سەرۆکی فراکسیۆنی ناسنامەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی رەیان کلدنی کە سەر بە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتووە راگەیاند، دانوستاندن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر ناکەین، تەنیا لەنێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادا نەبێت.
هەر لەوبارەوە شێخ ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "بڕیاری کۆبوونەوە لەدەست فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو نییە، بەڵکو بڕیارەکە لە بەغدایە و لە دەست چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، تاوەکو ئەوان بڕیار نەدەن، فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو ناتوانن ئامادەی کۆبوونەوە بن."
بەڵام شێخ ئەحمەد عەبد رەبە، جەختی لەوەکردەوە، "هەوڵەکان بەردەوامن، بەگوێرەی زانیارییەکان بڕیارە کۆبوونەوەکە هەفتەی داهاتوو بکرێ."
گۆڕانکارییەکانی بەم شێوەیەن:
- سەیدۆ خەیری ئەحمەد، قایمقامی شنگال
- عامر مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی نەمروود
- عەلی ساڵح، قایمقامی قەزای حەزەر
- غالب عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەراج
- شەعلان عەبدولرەزاق ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی بەعاج
- سەردار سیامەند عەبدوڵڵا، قایمقامی قەزای مەخموور
- ئوسامە شاهر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە
- سامر یوسف حەبیب، قایمقامی قەزای حەمدانییە
- تارق دەرک خەلووف، بەڕێوەبەری ناحیەی تەل
- فەلاح قەنبەر عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتلە
- داود جوندی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ
- عوەید خەلیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار
- یاسر عەساف حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ
- زیاد تەها مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حەمام عەلیل
- سەعد زەین عابدین، بەڕێوەبەری ناحیەی عیازییە
یەکێتی، دوو کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە، سێ پۆستی وەرگرتووە کە بریتین لە قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ و بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ.