دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز لە عێراق دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی تەممووز دەستیپێکرد.
 
رۆژی دووشەممە 22ـی تەمموزی 2024 وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "فەرمانگەی ژمێریاری، رێکارەکانی پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی بۆ ئەم مانگە[تەمموز] دەستپێکرد". 
 
وەزارەتەکە داوا لە فەرمانگەکانی ژمێریاریی وەزارەت، پارێزگاکان و دەستەکان دەکات سەردانی فەرمانگەی ژمێریاری بکەن بۆ تەواوکردنی پێداویستییەکانی پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندەکانیان، بە رەچاوکردنی پابەندبوونیان بە خشتەی پارەدارکردنی مانگانەیان.
 
لە عێراق زیاتر لە 10 ملیۆن مووچەخۆر هەن کە زیاتر لە چوار ملیۆن و 70 هەزاریان فەرمانبەرن و دوو ملیۆن و 700 هەزاریان خانەنشینن.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوێنێ لیستی مووچەی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
 
رۆژی یەکشەممە، 21ـی تەمموزی 2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی،  "ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی تەممووزی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران و دەزگە ئەمنی و سەربازییەکان لەلایەن تیمی هونەری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا."