وەزیری ناوخۆی ئێران لە بەغدایە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و بڕیارە سەردانەکەی دوو رۆژ بخایەنێت.
 
رۆژی دووشەممە، 22ـی تەممووزی 2024، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران سەردانی عێراقی کرد و لە فڕۆکەخانەی بەغدا لە لایەن عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق پێشوازی لێکرا.
 
بە پێی میدیای فەرمیی ئێران، سەردانەکەی ئەحمەد وەحیدی بە مەبەستی بەشداریکردن لە دووەمین کونفرانسی ناوچەیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، بەدواداچوون بۆ کێشەی بەردەم زیارەتکارانی مەزارگە شیعەکان و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی عێراق چووەتە بەغدا.
 
میدیای ئێران دەڵێت، سەردانی وەزیری ناوخۆی ئێران دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کونفرانسەکەشدا لەگەڵ وەزیرانی وڵاتانی بەشدار لەو کۆنفرانسە کۆدەبێتەوە.
 
وەزیرانی ناوخۆ و بەڕێوەبەرانی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، عێراق، سعودیە، ئوردن، کوێت، تورکیا، میسر، سووریا و لوبنان لە دووەمین کونفرانسی ناوچەیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە بەغدا بەشدار دەبن.
 
کۆنفرانسەکە لە رۆژی شەممە 20ـی تەممووزی 2024ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو رۆژی سێشەممە 23ی تەممووز بەردەوام دەبن.