بەم نزیکانە رووپێویی هەژاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەواو دەبێ
رووداو دیجیتاڵ
بەم نزیکانە رووپێویی هەژاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەواو دەبێ. گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێ، "رووپێوەکە نەخشەیەکی روونی هەژاری نیشاندەدات و لەسەر ئەو بنەمایەش ستراتیژی پێنج ساڵی داهاتووی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری دادەنرێ".
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 22-07-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووپێوی هەژاری لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، لە قۆناخی کۆتاییداین و لە هەفتەکانی داهاتوودا تەواو دەبێ."
رووپێوییەکە لە مانگی تەممووزی پارەوە دەستیپێکردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق باسی گرنگی ئەو رووپێوییەی کرد و گوتی: "لەبارەی هەژاری لەسەر ئاستی هەموو پارێزگا و قەزاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، زانیارییمان پێدەدات."
عەبدولزەهرە هینداوی دەڵێ: "زانیاری و ئاماژەکانی ئێستای هەژاری کۆنن و دوایین رووپێویی ئابووری لە عێراق ساڵی 2017-2018 کراوە. شەش ساڵە داتا و زانیارییەکانیانی هەژاریی نوێ نەکراونەتەوە".
گوتیشی: "ئەو داتا و زانیارییانە گرنگن و نەخشەیەکی نوێی هەژاری روون دەبێتەوە. لەسەر ئەو بنەمایەش ستراتیژیی پێنج ساڵی داهاتووی بەرەنگاربوونەوەی هەژاریی دادەنرێ" .
بە گوتەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەوان تاوەکو ئێستا پشت بە رووپێوییەکەی ساڵی 2018 دەبەستن کە دەریخستبوو رێژەی هەژاری لە وڵات 23٪ بوو، دواتر ئەم رێژەیە لە 2019 کەمێک دابەزی و بووە 20٪، بەڵام لە سەردەمی کۆرۆنا لە سەرەتاکانی 2020ـەوە هەڵکشانی نوێی تۆمارکردەوەکە کاریگەریی ئابووری و کۆمەڵایەتیی مەترسیداری بەدوای خۆیدا هێنا و بۆ 23-24٪ بەرزبووەوە.