وەزیری گواستنەوەی عێراق: 60٪ی پرۆژەی شۆستەی بەندەری فاو تەواو بووە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، 60٪ پرۆژەی دروستکردنی شۆستەی بەندەری گەورەی فاو لە پارێزگای بەسرە تەواو بووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 22-06-2023 رەزاق محیبس، وەزیری گواستنەوەی عێراق سەردانی پرۆژەی بەندەری گەورەی فاوی کرد. وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، جێبەجێکردنی پرۆژەکە گەیشتووەتە 60٪ و کارکردنیش بەردەوامە.
 
وردەکاریی پرۆژەی 'بەندەری گەورەی فاو' لە میدیا عێراقییەکاندا بەمشێوەیە خراوەتەڕوو: بەندەرەکە لە نیمچە دوورگەی فاو لە پارێزگای بەسرە دروستدەکرێت، تێچووی گشتیی پرۆژەکە نزیکەی 4.6 ملیار یۆرۆیە، توانای بەندەرەکە بریتییە لە 99 ملیۆن تۆن کەرستەی ساڵانە، دەبێتە یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکانی سەر کەنداو، رۆژی 5ی نیسانی 2010 لەلایەن وەزیری ئەوکاتی گواستنەوەی عێراقەوە بەردی بناخەی دانراوە.
 
بەپێی دیزاینەکەی بەندەرەکە دەبێتە گەورەترین بەندەری سەر کەنداو، یەکێک دەبێت لە گەورەترینەکان لەسەر ئاستی جیهان، نەخشەی گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا دەگۆڕێت، لەبەرئەوەی کاڵاکان لە چین و ژاپۆن و باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە بە رێگەی عێراقدا دەگەیەنێتە وڵاتانی دیکەی جیهان و بەپێچەوانەشەوە؛ دەبێتە جێگرەوەی نۆکەندی سوێسی میسر.
 
لە ساڵی 2010 دا، حکومەتی عێراق، هەنگاوە سەرەتاییەکانی پرۆژەکەی پارەدارکرد و بڕیاری دا کۆمپانیایەکی 'نێوخۆیی دەستگرتوو' بەسەر بەندەرە نوێیەکەدا دروست بکات، پاشان کۆمپانیای دایۆی کۆریای باشوور، پرۆژەی دروستکردنی 'شەپۆلشکێنەکان'ی بەندەرەکەی وەرگرت و کۆمپانیای ئارشیرۆدۆنی یۆنانی، کارەکانی شەپۆلشکێنەکانی دەستپێکرد.
 
یەکێک لە کارە گرنگەکانی پرۆژەی بەندەری فاو، دروستکردنی درێژترین 'شەپۆلشکێن'ی سەر ئاستی جیهانە، لە کۆی کارەکانی دروستکردنی بەندەرە نوێیە گەورەکەی فاودا، تەنیا ئەو پرۆژەیە تەواو بووە و ناوی چووەتە ناو کتێبی گینسی تایبەت بە ژمارە پێوانەییەکانەوە.
 
درێژیی شەپۆلشکێنەکانی بەندەری فاو، 14.5 کیلۆمەترە لە باکووری کەنداو. سەرپەرشتیارانی کتێبی گینس، ئاشکرایانکردووە لە دوو بەشی شەپۆلشکێنی بەندەرەکە، کە یەکێکیان سەرەکی و ئەوی دیکەیان لاوەکییە، تەنیا بەشە گەورەکە، لەبەرئەوەی درێژترینی سەرئاستی جیهانە، لە کتێبەکەدا تۆمار دەکەن.
 
شەپۆلشکێنەکانی بەندەری فاو، ماوەی 5 ساڵ کاری تێدا کراوە و 591 ملیۆن دۆلاری تێچووە.
 
پرۆژەکە جیا لە درێژییەکەی، پێکهاتووە لە دروستکردنی رووبەرێکی کۆنکرێتی لەسەر 350 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ناو دەریادا. لە پرۆژەکەدا 25 ملیۆن تۆن چیمەنتۆ کراوەتە ناو دەریاوە.
 
پرۆژەکە بایەخێکی ستراتیژی گەورەی بۆ عێراق هەیە، بەهۆی جووڵاندنی گواستنەوەی دەریایی بۆ ئاستی بەرزتر لە کۆی جیهاندا، هەروەها شاری پیشەسازی لە فاو، دەبێتە یەکەم لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. پێشبیندەکرێت قازانجی خەیاڵی بە عێراق ببەخشێت، لە رێگەی گواستنەوە و گەیاندنی کەلوپەل و نەوت، بەشێوەیەکی زۆر خێراتر. هەندێک لە پسپۆرە عێراقییە ئاگادارەکانی پرۆژەی بەندەرەکە، دەڵێن دوای تەواو کارکردنی بەندەرەکە، عێراق مانگانە 15 ملیار دۆلاری لەو بەندەرە دەستدەکەوێت.
 
بۆ باشترکردنی دۆخی گواستنەوە و چالاکترکردنی بەندەرەکە، بڕیارە لەگەڵ پرۆژەی دروستکردنی بەندەری فاودا، هێڵێکی شەمەندەفەر دروست بکرێت کە ناوچەی کەنداو لە رێگەی خاکی عێراقەوە، بەباکووری ئەوروپا ببەستێتەوە لە رێگەی تورکیاوە، ئەمەش بایەخێکی دیکەی ستراتیژی بە پرۆژە بازرگانییە جیهانییەکە دەدات.
 
بەشێکی دیکەی پرۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی کۆگاکانی هەڵگرتنی دانەوێڵە، لەگەڵ بەرزکەرەوە گەورەکانی نێو بەندەرەکان، جیا لە شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکە و دروستکردنی رێگەی نێودەوڵەتی و دروستکردنی چەندین کارگە و سەرچاوەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی.
 
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە تەمووزی 2020 بڵاوکراوەتەوە، بەندەرەکە لە کاتی کارکردنی ئاسایی خۆیدا، ساڵانە 25 تاوەکو 35 ملیار دۆلار دەهێنێتە خەزێنەی عێراقەوە، ئەمە جیا لە داهاتی کارەکانی دیکەی پەیوەست بە بەندەرەکەوە، لە شێوەی گواستنەوە، فڕۆکەوانی، فڕۆکەخانەکان، شەمەندەفەر و سووتەمەنی.