رێکخراوی یونسکۆ بە گوژمەی 105 ملیۆن دۆلار چەند شوێنێکی مێژوویی لە موسڵ نۆژەندەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

کەنیسەی "سیدة الطاهرة" کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 200 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لە لایەن داعشەوە بە تەواوی وێرانکراوە، ئەو کەنیسەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی رێکخراوی یونسکۆ ئێستا لە ژێر نۆژەنکردنەوەدایە.
 
مارک یارد، راوێژکاری ئاوەدانکردنەوە لە یوسنکۆ گوتی: "لە سەرەتای 3-4 مانگی دەستپێکردنی کارەکەمان، توانیمان بناخەی بۆ دابنێین و لە کاتێکی زۆر نزیکدا دەتوانن بێن بیبین کە ئیشەکان بەرەوە پێشەوە چوون، ئەم کەنیسەیە بەشێکی دانەبڕاوی پێکهاتەی ئاوەدانکردنەوەی موسڵی کۆنە، بۆیە ئاشکرایە ئەگەر کەنیسەکە نۆژەن بکەینەوە، کەمێک ژیان بۆ ئەم پێکهاتەیە دەگەڕێنینەوە."
 
بەگوێرەی رێکخراوی یونسکۆ، 80٪ـی موسڵی کۆن لە شەڕی دژی داعش وێران بووە، ئەو شوێنانەشی کە لەو دەستپێشخەرییەدا نۆژەن دەکرێتەوە، بریتین لە؛ کەنیسەی "سیدة الطاهرة"، کەنیسەی ساعە، مزگەوتی نووری، منارەی حەدبا و قوتابخانەی ئیخلاس لەگەڵ 124 خانووی شوێنەواری دیکە. 
 
ئەندازیار دینا مەنار، سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی خانووەکان بە رووداوی گوت: "ئەم خانووانە بە پشتبەستن بە شوێنە مێژووییەکانیان هەڵبژێردراون کە رووبەڕووی ئۆپەراسیۆن بوونەتەوە، سەرەتا کە هاتین زۆر وێران ببوو، بەشێک لە خانووەکان وێران بوون و، کەس تیایدا نەدەژیا، بەڵام دوای ئەوەی کە دەستمان بە ئاوەدانکردنەوە کرد، رێگەخۆشکەر بوو کە خەڵک بگەڕێتەوە."
 
بە گوژمەی 105 ملیۆن دۆلار کە 50 ملیۆن دۆلاریان لە لایەن سەرمایەدارانی ئیمارات و، 38 ملیۆن دۆلاریش لە لایەن یەکێتیی ئەوروپا و ئەوانی دیکەش لە لایەن چەند وڵاتێکی دیکەوە دابینکراوە، کار لە نۆژەنکردنەوەی ئەو پڕۆژانە دەکرێت. بەهۆی ئەوەی کە زۆرینەی دیواری ئەو شوێنانە وێران بوون، وەکو نوێنەری یەکێک لە کۆمپانیاکان باسی دەکات، 24 جۆری بەردیان هاوردەکردووە بۆ ئەوەی لە کاری نۆژەنکردنەوەکەدا بەکاری بهێنن.
 
حەسەن گەرگەری، نوێنەری کۆمپانیایەکی نۆژەنکردنەوە گوتی: "ئەم کەنیسەیە کۆنە و تەمەنی نزیکەی 200 ساڵە، یونسکۆ دەڵێت، دەبێ لە کاتی نۆژەنکردنەوەدا وەکو پێشتر بیگەڕێننەوە و، ئەو بەردانە بەکاربهێنن کە پێشتر تێیدا بەکارهاتوون."
 
بەگوێرەی یونسکۆ، زیاتر لە نۆ هەزار تۆن خاشاک لە پاشماوەی رووخاوی کەنیسە و دێرە کۆنەکان لە موسڵ فڕێدراون و، کاتی نۆژەنکردنەوەکەش دوو تاوەکو سێ ساڵ درێژەدەکێشێت.