راوێژکارێکی سەرۆککۆمار هەواڵی کەوتن و برینداربوونی لەتیف رەشید رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێک لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، هەواڵی رووداوی کەوتن و برینداربوونی سەرۆککۆماری عێراق رەتدەکاتەوە.
دوای ئەوەی لە هەندێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە گەڕانەوەی لە سلێمانییەوە بۆ بەغدا و لەکاتی دابەزین لە فڕۆکە بەربووەتەوە و دەموچاوی برینداربووە و دەستێکی شکاوە.
لەوبارەوە، د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق، رۆژی دووشەممە 22-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە، هیچ بنەمایەکی نییە و رووداوی لەم شێوەیە رووی نەداوە."
د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، گوتی: "ئەوەی روویداوە بریتییە لەوەی، پێرێ شەو کاتێک سەرۆککۆماری عێراق لە سلێمانی گەڕاوەتەوە بەغدا، کەشوهەوا تەواو نەبووە، یەک و دووجار فڕۆکەکەی سەرۆککۆمار کەوتە نێو شەپۆلی هەوایی، ئەمەش کارێکی ئاساییە، فڕۆکەکەشی بە سەلامەتی نیشتووەتەوە." هەروەها گوتیشی، ئەمڕۆ سەرۆککۆمار پێشوازی لە خەڵکێکی زۆر کردووە و سبەیش پێشوازی لە خەڵکی دیکە دەکات.
د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لە ساڵی 1944 لە سلێمانی لەدایکبووە، ساڵی 1968 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازەی شارستانی لە زانکۆی لیڤەرپوول بەدەستهێناوە، ساڵی 1976 دکتۆرای لە زانکۆی مانچێستەر بەدەستهێناوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقی INC بووە. ساڵی 1986 نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە لە بەریتانیا. ساڵی 2003 بووەتە وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق. رۆژی 13- 10ی ساڵی 2022 بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرا.