ژینگەپارێزان: زۆنگاوەکانی عێراق بەرەو نەمان دەچن

22-05-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
زۆنگاوە بەرفراوانەکانی عێراق شوێنێکی بەناوبانگی باخچە دێرینەکانی عەدەنن، بەڵام رووبار و جۆگەکانی بەرەو وشکبوونەوە دەچن. چالاکڤانانی ژینگە هۆشداریدەدەن لەوەی کە بەهۆی کەڵەکەبوونی پاشماوە پلاستیکییەکان، ئەو زۆنگاوانە بەرەو نەمان بچن.
 
رەعد ئەسەدی، بەڕێوەبەری رێکخراوی جیباییش، کە هەفتەی رابردوو دەستیکردووە بە کارکردن لەسەر بەلەمێک بۆ ئەوەی هەوڵبدات هەندێ لە پاشماوەکان لە هەڵبگرێتەوە، دەڵێت: "شەش هەزار یان حەوت هەزار ساڵ بووە دانیشتووان زۆنگاوەکانیان پاراستووە. بەڵام ئێمە گەیشتووینەتە قۆناخێک کە مەترسی بۆ سەر مانەوەی زۆنگاوەکان دروستبووە." 
 
ئەو ناوچە ئاوییانە بە ئەستەم لە تووڕەیی سەدام حوسێن، سەرۆکی دەسەڵاتی پێشووی عێراق رزگاریان بوو، کە لە ساڵی 1991 فەرمانی بە وشککردنیان کرد، ئەوەش بۆ راوەدوونانی دژبەرەکانی و سزادانی ئەو خەڵکەشی کە لە نێو ئەو زۆنگاوانەدا، نەیارەکانی دەشاردنەوە.  
 
بەڵام دوای لەکارلادانی سەدام حوسێن، عێراق بەڵێنیدا کە ئەو سیستەمە ژینگەیی بپارێزێت و خزمەتگوزاری بۆ کۆمەڵگەکانی ئەو زۆنگاوانە دابین بکات، هەروەها لە ساڵی 2016، بەهۆی فرەچەشنیی ژینگەیی و مێژووە دێرینەکەیان، ناویان خرایە نێو لیستی میراتی جیهانیی یونێسکۆ. 
 
ئەسەدی باس لەوە دەکات کە گەشتیارەکان گەڕاونەتەوە، بەڵام یەکێک لە سەرچاوە دیارەکانی پیسبوونی ژینگەکە خودی گەشتیارەکانە کە "پاشماوە پلاستیکییەکانیان" فڕێدەدەنە نێو زۆنگاوەکان. 
 
دوای چەندین دەیە لە جەنگ و شەڕ و ئاشووب، عێراق نەیتوانیوە سیستەمێکی کارای بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکان هەبێت و 70٪ی پاشماوە پیشەسازییەکانی راستەوخۆ فڕێدەدرێتە نێو رووبارەکان یان دەریاوە، ئەوە بەگوێرەی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەکادیمیاکان.
 
تیمێکی 10 کەسی لەگەڵ بەلەمەکەی ئەسەدی کاردەکەن و بەنێو رێڕەوە ئاوییە تەسەکەکاندا دەڕۆن بۆ ئەوەی پاشماوەی کەڵەکەبووی بوتڵە پلاستیکییەکان هەڵبگرنەوە کە هەموو رێڕەوەکانیانی تەنیوە، هەروەها بە پۆستەر داوا لە خەڵک دەکەن "رێز لە خاکەکەمان بگرن" و پیسی نەکەن.
 
بەڵام ئەوە تەنیا بەشێکی هەڕەشەکەیە. عێراق بەدەست کۆمەڵێک کێشەی دیکەی ژینگەییەوە دەناڵێنێت، لە نێویشیاندا، وشکەساڵی و فراوانبوونی رووبەڕی بیابانەکان، کە ئەوانەش بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر دەستکەوتنی ئاو و بژێوی ژیان لە ژمارەیەکی زۆری ناوچەکانی وڵاتەکە. 
 
لە لیستی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، عێراق لە ریزبەندی پێنجەمدا دێت، کە هەر لەم ساڵانەی دواییدا، رووبەڕووی کەمی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووەتەوە. 
 
ئاستی ئاوی زۆنگاوەکان لە دابەزین بەردەوامە، هۆکاری ئەو دیاردەیەش زیادبوونی وشکەساڵی و بونیاتنانی بەنداوە لەسەر هەردوو رووباڕەکە لە لایەن تورکیا و ئێرانی دراوسێیەوە. 
 
ئێریک شوڤالێر، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق رۆژی پێنجشەممە لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەیەکی تایبەت بە بەلەم، کە لە لایەن فەرەنساوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت، گوتی "ئەم سیستەمە ژینگەییە کە فرەچەشنیێکی ژینگەیی گەورەی هەیە، لە هەڕەشەدایە."
 
شۆڤالێر داواشیکرد کە لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش "توانای زیاتر" وەگەڕبخرین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی لە ئەنجامی گەرمبوونی هەسارەکە دروست بوون. 
 
لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا، عێراق گیرۆدەی ژمارەیەک شەپۆلی خۆڵبارین بووە و هەزارانی ناچار بە چارەسەریی پزیشکی کردووە، ئەوەش بەهۆی تووشبوونیان بە کێشەی هەناسەدان.
 
خۆڵبارین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دیاردەیەکی سرووشتیی باو دادەنرێت، بەڵام لەم چەند ساڵەی رابردوودا، شەپۆلەکانی زیاتر و چڕتر بوون.
 
زیادبوونی ئەو دیاردەیە هاوکات بووە لەگەڵ زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاوی رووبارەکان، بونیاتنانی بەنداوەکان، زیادەڕۆیی لە لەوڕاندنی پاوانەکان و بەبیابانبوون.
 
تیمی کۆکردنەوەی پاشماوەکان لە زۆنگاوەکان بە تەنیا نین. پێشتر هەر لەمساڵدا، رێکخراوی کەشوهەوای سەوزی عێراق، تیمێکی ڤێتەرنەریی تەرخانکرد بۆ هاوکاریکردنی جووتیار و ئاژەڵدارەکان لە چارەسەرکردنی گامێشەکانیان.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە