ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش: عێراق هەوڵی گەڕاندنەوەی تیمی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەی F16 دەدات

22-05-2021
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، دانوستاندن لەنێوان عێراق و تیمی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکە F16ەکان هەیە بۆئەوەی ئەو تیمە لە شوێنێکی دیکەی عێراق نیشتەجێ بن.
 
بەدر زیادی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمپانیای تایبەت بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی فڕۆکە F16ەکان لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد کشاونەتەوە، بەڵام ئێستا گفتوگۆ و دانوستاندن هەیە بۆئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ بنکەیەکی دیکەی سەربازی و لەوبارەوەش سازان هەیە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سائیروونە رەتیکردەوە، ئەو تیمە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بن و گوتیشی، دەکرێت لە داهاتوودا ئەو تیمە لە بنکەیەکی سەربازی لە ناوەڕاست یان باشووری عێراق نیشتەجێبن.
 
لووکهید مارتن، کۆمپانیای ئەمریکی بواری پیشەسازیی جەنگی رایگەیاند، ئەو تیمەی کە پێشتر تایبەت بوو بە چاودێریکردن و چاککردنەوەی فڕۆکە ئێف شازدەکانی عێراق، لەبەر چەند هۆکارێکی ئەمنی، لە بنکەی سەربازیی بەلەد دەکشێنێتەوە و ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق نەیتوانیوە کۆتایی بە هێرشە مووشەکییەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە نێو خاکی خۆیدا بهێنێت. 
 
پێشتر رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمنیی عێراقییەوە بڵاویکردەوە، کۆمپانیاکە 70 کارمەندی لە بنکەی سەربازیی بەلەد هەبووە، 50ـیان دەگەڕێنرێنەوە ئەمریکا و 20ی دیکەیان دەگوازرێنەوە هەولێر. 
 
لەو بارەیەوە جۆزێف لامارکا، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای لووکهید مارتن لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت، "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە سەلامەتیی کارمەندەکانمان کاری هەرە لەپێشینەمانە، لووکهید مارتن تیمی فڕۆکە ئێف شازدەکان لە عێراق دەگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە."
 
چاوەڕێدەکرێت بڕیاری کۆمپانیای لووکهید مارتن ببێتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەک فڕۆکە ئێف-16ـەکانی عێراق نەتوانن بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بکەن، لە کاتێکدا کە لە شەڕی دژی داعشدا هاوکاریی هێزە سەربازییەکانی عێراقیان دەکرد. 
 
هاوکات ئەو بەرپرسە ئەمنییە عێراقییە بە رۆژنامە ئەمریکییەکەی راگەیاندووە، هۆکاری کشانەوەی کۆمپانیای لووکهید مارتن لە بنکەی سەربازیی بەلەد، ئەو هێرشە مووشەکیانەن کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێنە سەر بنکەکە. 
عێراق لە ساڵی 2011، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، فڕۆکە ئێف شازدەکانی کڕی. ئەوەش دوای گرێبەستێکی چەند ملیار دۆلاری کە وەکو سەرەتایەک بۆ هاوئاهەنگیی سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریکا لێکدرایەوە. 
 
ساڵی رابردوو بە هەمان شێوە، کۆمپانیای لووکهید مارتن کارمەندەکانی خۆی لە بنکەی سەربازی بەلەد کشاندەوە، ئەوەش دوای زیادبوونی گرژییەکان لەنێوان ئێران و ئەمریکا، دوای ئەوەی کە درۆنێکی ئەمریکی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی ئەو کاتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی کوشت. 
 
ئەو کاتە بەهۆی خراپیی چاودێرکردنی رەوشی تەکنیکییانەوە، عێراق ناچار بوو بەشی هەرەزۆری فڕۆکە ئێف شازدەکانی لە ئۆپەراسیۆنەکان دووربخاتەوە. 
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆژنامەڤانان کە تۆڕی میدیایی رووداو-ش ئامادەی بوو و رۆژی 9/5/2021 بەخشکرا، گوتی عێراق هەوڵدەدات کە متمانە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دروستبکات، کەوا کارمەندەکانیان سەلامەت دەبن، هەروەها دانیشی بەوە دانا، پرۆگرامی فڕۆکە ئێف شازدەکانی عێراق کێشەی تێکەوتووە. 
 
کازمی لەو بارەیەوە گوتی، "نەبوونی شارەزاکان بۆ چاککردنەوەی فڕۆکەکان بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کاتی کڕینیان واژۆکراوە، کێشەیە. ژمارەیەک لەو کۆمپانیایانە بەهۆی کاری نابەرپرسیارانە و هێرشە مووشەکییەکانی سەر بنکەی بەلەد، لە عێراق کشاونەتەوە."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە