رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا یەکلاییکراوەتەوە و ئەوەی ماوەتەوە لەنێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوتدایە.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "بابەتی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکلاییکراوەتەوە. تورکیا زیاتر لە مانگێکە عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆرییەکانیەوە بەرەو بەندەری جەیهان؛ بۆیە کێشەکە کۆتایی هاتووە و هیچ کێشەیەک نەماوە."
هەناردەی نەوتی کوردستان لە 25-03-2023وە راگیراوە و هێشتا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەکراوەتەوە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەشڵێت: "ئێستا کێشەکە تەنیا لەنێوان ناوەند و حکومەتی هەرێم [ـی کوردستان] ماوەتەوە، بەدیاریکراوی لەبارەی مافی ئەو کۆمپانیانەی کە نەوت دەردەهێنن. بەپێی بڕیارە نوێیەکان، پێویستە ئەو کۆمپانیایانە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیای سۆمۆ بکەن؛ بۆیە لەوبارەوە گرێبەست و رێککەوتن و دانوستاندنی نوێ دەکرێت. بە کورتییەکەی تورکیا ئامادەیە، ماوەیەک لەمەوبەر عێراقی لەمە ئاگادارکردووەتەوە کە بۆرییەکەی بۆ هەناردەکردنی نەوت ئامادەیە. ئێستا کێشەکە نێوخۆییە، پێویستە لە ناوخۆی عێراق چارەسەر بکرێت."
پێش ئەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس رابگیرێت، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەرکرا. ئەوەش 0.5٪ـی هەناردەی نەوتی جیهانی پێکدەهێنا.
رۆژی 15ـی نیسانی ئەم ساڵ مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور بە رووداوی راگەیاند، زیانی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان تائێستا زیاتر لە 14 ملیار دۆلار بووە.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند: بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی بە هاوئاهەنگیی نێوان ئەنقەرە و بەغدا چارەسەر بکرێت، دۆسیەیەکی ئاڵۆز بوو.
گوتیشی، پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بابەتێکی دیکەیە، ئەوە بابەتێکی تایبەتە و لەکاتی خۆیدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق:
رووداو: لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری تورکیادا پرسی ئەمنی، نەوت، ئاو و پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان باسیان لێوەدەکرێت. دوایین زانیاری چییە؟
باسم عەوادی: لەبارەی دۆسیەی ئەمنییەوە ئەو قسەیەمان کردووە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پارتی کرێکارانی کوردستانی بە حیزبێکی قەدەخەکراو ناساندووە و لەسەر ئەم بنەمایە کۆکین. لەبارەی پرسی ئابوورییەوە تیشکخرایە سەر چالاکیی کۆمپانیا کاراکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری، مافی کۆمپانیاکان و بنەما ئابوورییەکان. لەبارەی پرسی ئاو، رێککەوتن لەسەر چەند بڕگەیەک کرا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی ستراتیژیی ئاو لەنێوان عێراق و تورکیا. پشت بەخودا ئەوە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەمیشەیی قەیرانی ئاو. هەروەها سندووقێکی تایبەتی دادەمەزرێت کە پاڵپشتییەکی دارایی بەهێز دەبێت بۆ ئەم بوارە. عێراق پارەی نەوت لەم سندووقە دادەنێت و بۆ دروستکردن و گەشەپێدانی بەنداوەکان دەبێت. یەکێک لە کێشەکانی عێراق، بەهەڵمبوونی ئاوە و کار دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەهەڵمبوون، بەو واتایە بەرەو جێبەجێکردنی پڕۆژەی زۆر گەورە هەنگاو دەنێین ئەویش لە رێگەی یارمەتیدانی کۆمپانیا گەورەکانی تورکیا کە بە چەند ملیار دۆلارێک جێبەجێ دەکرێن. رێگەی گەشەپێدان فاکتەرێکی زۆر گرنگە و یەکێک دەبێت لە پرۆژە هەرە گرنگەکان. ئەم پرۆژە زۆر بە هێزەوە دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. هەریەک لە وەزیرانی گواستنەوەی قەتەر، ئیمارات و تورکیا بەعێراقیشەوە واژۆ لەسەر کاراکردنی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراقی دەکەن. پشت بەخودا لە قۆناخی داهاتوودا لیژنەکان دەستبەکار دەبن و بەمنزیکانە لیژنەی هاوبەشی تورکی-عێراقی پێکدێن و پێکەوە سەردانی ئەورووپا دەکەن لە بولگاریاوە دەستپێدەکەن و بەرەو وڵاتانی ئەورووپا دەڕۆن و پێکەوە دانوستاندن دەکەن. بە واتایەکی دیکە شاندێکی عێراقی-تورکی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپایی دانوستاندن دەکەن و نەخشەرێگەکان دیاری دەکەن کە کام وڵات دەیەوێت رێڕەوی ئەم پرۆژەیە بەنێو خاکەکەیدا بڕوات. ئیدی هەنگاوی کردەیی بۆ پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەنرێت. ئەم بابەتانە هەموویان گفتوگۆیان لەبارەیەوە دەکرێت. هاوکات ئەمڕۆ 26 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان شاندی عێراق-تورکیا لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکوەزیران، لە بوارەکانی تەندروستی، وزە، سەربازی و چەند بوارێکی دیکە واژۆیان لەسەر دەکرێت.
رووداو: ئەی بابەتی نەوتی هەرێمی کوردستان؟
باسم عەوادی: دەتوانم بڵێم نەوتی هەرێمی کوردستان یەکلاییکراوەتەوە. بەهۆی ئەوەی ماوەیەک بەر لە ئێستا یان زیاتر لە مانگێکە لایەنی تورکیا بە عێراقی راگەیاند کە ئامادەیە بۆ وەرگرتنی نەوت لە رێگەی بۆرییەکانی و گواستنەوەیان بەرەو بەندەری جەیهان. بۆیە ئەم کێشەیە کۆتایی پێهاتووە و هیچ کێشەی نەماوە. ئەوەی ماوەتەوە لەم کێشەیە تەنیا لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندە، ئەویش پرسی مافی کۆمپانیاکانی نەوتە لە هەرێم. بەپێی دوایین بڕیارەکان، دەبێ ئەم کۆمپانیانە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ کار بکەن. دەرەنجام رێککەوتنی نوێ و گرێبەستی نوێ دەبێ بکرێت و بۆ ئەمەش دانوستاندن لەئارادایە. بە کورتی، تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنەوەی نەوت لە عێراق راگەیاند، ئێستا بابەتەکە تەواو ناوخۆییە و پێویستی بە چارەسەرکردنی هەیە لەناوخۆدا.
رووداو: دوای ئەم سەردانە چۆن مامەڵە لەگەڵ پەکەکە-دا دەکرێت؟
باسم عەوادی: گوتمان ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، پارتی کرێکارانی کوردستان بە حیزبێکی قەدەخەکراو ناساندووە. مامەڵەکردن لەگەڵی بەهەمان شێوەی رێککەوتنی عێراق لەگەڵ لایەنی ئێرانی کراوە، دەبێت. هەر ئەندامێکی سەر بە پەکەکە لە عێراق بە پەنابەری سیاسی هەژمار دەکرێت، بەڵام مافی نییە چالاکیی سیاسی و سەربازی بکات و مافی نییە خاوەنی چەک بێت. ئەوان لەژێر چاودێری حکومەتی عێراقیدا دەبن و نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتیان دەکەن. عێراق بەمشێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ