کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق: هێرشمان نەکردووەتە سەر ئەمریکییەکان
رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی ئەو دەنگۆیە رەتدەکەنەوە کە دەستیان بە هێرش کردبێتەوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ ئەمەش دوای ئەوەی بنکەیەکی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان مووشەکباران کرا.
رۆژی دووشەممە 22-04-2024، کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، دەنگۆی دەستپێکردنەوەی هێرش بۆ سەر هێزە ئەمریکییەکان "هەواڵێکی داهێندراوە و راست نییە".
ئەم بڵاوکراوەیەی حیزبوڵڵا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت کە هەواڵێک بڵاوبووەوە و تێیدا هاتبوو، "گرووپە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریاندا هێرشەکانیان بۆ سەر هێزە ئەمریکییەکان دەستپێبکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هیچ بەرەوپێشچوونێک نەبوو لەسەر رێککەوتنی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق."
رۆژی 21-04-2024 لانیکەم پێنج مووشەک لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە، لە شارۆچکەی زوممار لە پارێزگەی نەینەوا ئاراستەی بنکەیەکی هێزە ئەمریکییەکان کرا لە رۆژئاوای کوردستان. هێرشەکە دوای نزیکەی سێ مانگ دێت لە راگرتنی هێرش بۆ سەر هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق و ناوچەکە.
چەند سەرچاوەیەک بە رووداویان راگەیاند، هێرشی گرووپە چەکدارەکە کاژێر 10:00ـی شەو بووە؛ ئەو بنکەیەی بە مووشەک هێرشی کراوەتە سەر لە رومێلانی رۆژئاوای کوردستانە بەناوی خەراب جیر.
هەر بەگوێرەی سەرچاوەکان، دوای مووشەکبارانەکە، ئەمریکا بە فڕۆکە شوێنی هاوێشتنی مووشەکەکانی بۆردوومان کردووە.
رۆژی 22-04-2024 شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق رایگەیاند، "هێزەکانمان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى رۆژئاواى نەینەوا دەستیان بە گەڕان و پشکنین کرد بەدواى ئەو کەسانەى لە یاسا دەرچوون و هێرشەکەیان کردووە."
شانە ئەمنییەکە هەروەها گوتی، "هێزەکانمان ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزیوەتەوە کە مووشەکەکانى لێوە هەڵدراوە و سووتاندویانە."
دوایین کاردانەوەى ئەمریکا بەرامبەر هێرشکردنە سەر بنکەکانى لە عێراق لە 7ـی شوبات بوو، لە بۆردوومانێکدا ئەبوباقر ساعدی، یەکێک لە سەرکردەکانى کەتائیبی حیزبوڵڵاى عێراقى لە بەغدا کوشت.
بە ئامانجگرتنی هێزە ئەمریکییەکان دوای جەنگی غەززە دەستیپێکرد. پێنتاگۆن رایگەیاند، "لە 17-10-2023وە گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، نزیکەی 160 جار هێزەکانی ئەمریکایان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج."
رۆژی سێشەممە 30ی کانوونی دووەمی 2024 ئەبو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق رایگەیاند، "سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازیی و ئەمنییەکانمان بۆ سەر هێزەکانی داگیرکەر هەڵدەسپێرین، بۆ شەرمەزارنەکردنی حکومەتی عێراقی."