لە شارەبان پۆلیس کچێک رزگار دەکات کە لەلایەن باوکییەوە بە زنجیر بەسترابووەوە


رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی پارێزگای دیالە کچێکی 25 ساڵانی رزگار کرد و دەڵێت، لەلایەن باوکییەوە ئەشکەنجە دراوە و بە زنجیر بەسترابووەوە. 
 
عەقید هەیسەم سەلمان شەممەری، گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیالە رایگەیاند، کچێکی تەمەن 25 ساڵ لەلایەن باوکییەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە، تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی لەسەر قەرەوێڵەکەی بە زنجیر ببەسترێتەوە.
 
گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیالە دەڵێت، خەڵک پۆلیسیان لەو کارە ئاگادارکردووەتەوە، بۆیە هێزێکی هاوبەشی پۆلیس لە پۆلیسی شارەبان و فەوجی نۆی فریاکەوتنی دیالە چوونەتە شوێنەکە و کچەکەیان دۆزیوەتەوە.
 
بە گوتەی پۆلیسی شارەبان، کچەکە زۆر ئەشکەنجە دراوە، بۆیە رزگاریان کردووە و تۆمەتبار کە باوکییەتی، دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.