شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق: لە سەڵاحەدین دوو چەکداری داعش کوژران

رووداو دیجیتاڵ
 
شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق رایگەیاند؛ لەرێگەى فڕۆکەی جەنگییەوە دوو چەکدارى داعش لە پارێزگاى سەڵاحەدین کوژراون، ئەمەش دوای ئەوەى لە بۆردوومانێکى دیکەدا لە هەمان شوێندا چوار چەکداری دیکەی داعش کوژرابوون.
 
ئەمڕۆ هەینى  22ى نیسانى 2022، شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کوژرانى دوو چەکدارى رێکخراوى داعشی راگەیاند لە ناوچەى عەیس لە خۆرهەڵاتى پارێزگاى سەڵاحەدین.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئاژانسى هەواڵگرى و لێکۆڵینەوەکانى فیدراڵى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراق شوێنى ئەو چەکدارانەى داعشی دیاریکردووە و بە هاوئاهەنگى لەگەڵ شانەى بەئامانجگرتنى سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و لە رێگەى فڕۆکەوە ئەو پێگەیەیان بۆردوومانکردووە، کە چەکدارەکانى داعشى لێ بووە.
 
لەماوەى کەمتر لە 24 کاژێردا ئەوە دووەمجارە فڕۆکە جەنگییەکانى عێراق، چەکدارانى داعش لە ناوچەى عەیس بکەنە ئامانج.
 
رۆژی پێنجشەممە، 21ى نیسانى ،2022 ئاژانسى هەواڵگرى و لێکۆڵینەوەکانى فیدراڵى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە لە رێگەى فڕۆکەی ئێف-16ەوە ژمارەیەک چەکدارى داعشیان بۆردوومان کردووە، کە سەر بە ویلایەتى سەڵاحەدینى ئەو رێکخراوە بوون لە ناوچەى عەیس لە خۆرهەڵاتى ئەو پارێزگایە و توانیویانە چوار لەو چەکدارانە بکوژن.