بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.4 پلەی رێختەر رۆژهەڵاتی موسڵی هەژاند

 
رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.4 پلەی رێختەر رۆژهەڵاتی موسڵی هەژاند و بەڕێوەبەری بەشی بوومەلەرزەزانیی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی دهۆکیش دەڵێت، "ناوەندی بوومەلەرزەکە چۆڵەوانی بووە و هیچ زیانێکی نەبووە."
 
رۆژی هەینی 22ی ئاداری 2024 حەمید حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی بوومەلەرزەزانی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ نزیک کاژێر 04:45 خولەک، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.4 پلەی رێختەر باشووری موسڵی هەژاند."
 
چەقی بوومەلەرزەکە 15 کیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دوورە و بەشێک لە دانیشتووانی رۆژهەڵاتی شارەکە هەستیان پێکردووە.
 
حەمید حەسەن دەڵێت، "بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 6.6 کیلۆمەتر روویداوە و بەهۆی ئەوەی ناوەندی بوومەلەرزەکە چۆڵەوانی بووە، هیچ زیانێکی بەدوای خۆیدا نەهێناوە."
 
بەگوێرەی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، کانوونی دووەمی ئەم ساڵ 15 بوومەلەرزە لە عێراق روویانداوە کە زۆرترینیان لە باشووری کوردستان ببوون.
 
رۆژی 4ی شوباتی 2024 عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا 39 بوومەلەرزەیان تۆمار کردوون، کە 15یان لەنێو هەرێمی کوردستان و عێراق روویاندابوو و 22ی دیکە لەنێو باکووری کوردستان و تورکیا، یەک بوومەلەرزە لە ئێران و بوومەلەرزەیەکیش لە سووریا روویاندابوو.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق گوتی، گوڕی بوومەلەرزەکان لەنێوان 1.9 و 4.2 بووە و ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترینیان لە سنووری هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان تۆمارکراون.