لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لەسەر سێ بەرپرسی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت

22-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردستان رێگری لە گەڕانەوەی پەنابەران دەکات و بۆ ئەوەش لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لەسەر سێ بەرپرسی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات.
 
بڕیارە دادگەی فیدراڵیی عێراق رۆژی یەکشەممە، 31ـی ئەم مانگە تاوتوێی سکاڵایەکی ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بکات کە لە دژی هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆی کوردستان تۆمارکراوە.
 
سکاڵاکار داوا دەکات دادگەکە ئەو کێشەیە یەکلایی بکاتەوە کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 24007ـی ساڵی 2024ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دروست بووە و ئەو کەسانەی سکاڵایان لەسەر کراوە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە پابەند بکرێن.
 
سکاڵاکار داوا دەکات ئەوانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە رەزامەندبن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وردەکارییەکانی و ئاوارەکان کە لە هەرێمی کوردستانن بگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان کە بەلای ئەو وەزیرەوە "هەرێمی کوردستان رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان دەکات،" بەڵام هەرێمی کوردستان ئەمە رەتدەکاتەوە.
 
لەبارەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و بڕیاری داخستنی کەمپەکان، پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەكانی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، قسەی بۆ رووداو کرد. 
 
پیر دەیان گوتی: "هەرێمی کوردستان رێگری لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان ناکات، بەڵکو ئاوارەکان خۆیان ناگەڕێنەوە، هۆکارەکانیش زۆرن، لە سەروویانەوە کەمیی ئەو بڕە پارەیەی بۆ گەڕانەوە بە ئاوارەکان دەدرێت کە تەنیا چوار ملیۆن دینارە."
 
لەبارەی هۆکاری دیکەش دەڵێت، "پێنەدانی ئەو پارەیەی بە ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپەکان دەدرێت، نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاسایش لەو ناوچانەی ئاوارەکانیان بۆ دەگەڕێننەوە، دەستەبەرکردنی ئەمانە داواکاریی ئاوارەکانن و پێویستن بۆ گەڕانەوەیان." 
 
پیر دەیان جەعفەر ئاماژەی بەوە دا: "تەنیا لە پارێزگای دهۆک 15 کەمپی ئاوارەکان هەن کە 25 هەزار و 600 خێزانیان تێدایە، جگە لەوەش 37 هەزار و 800 خێزانی دیکەی ئاوارە لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین."
 
ئەو بەرپرسەی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکانەوە بە رەشبینییەوە دەڵێت: "لەو وادەیەی بۆ داخستنی کەمپەکان دیاریکراوە کە 30ـی حوزەیرانی ئەم ساڵە، کەمپەکان داناخرێن."
 
لەبارەی هۆکارەکەیشەوە دەڵێت، "چونکە ساڵی رابردوو تەنیا هەزار خێزان گەڕاونەتەوە، جگە لەوە هێشتا گەڕانەوە لە ناوچەکانەوە بۆ کەمپەکان بەردەوامە."
 
رۆژی 23-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارێکی 16 خاڵیی سەبارەت بە ئاوارەکان دەرکرد، لەنێویاندا دابینکردنی پێداویستیی ئاوارەکانی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، رۆژی 30ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵیش دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان.
 
بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران، پەروەردە، تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە پێکبهێندرێت.
 
ئێستا 23 کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان ماون کە نزیکەی 30 هەزار خێزانیان تێدایە، ئاوارەکان جگە لە پارێزگای نەینەوا، خەڵکی پارێزگاکانی ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراقن و لە ساڵی 2014 و دوای هەڕەشەکانی چەکدارانی داعش روویان کردە هەرێمی کوردستان.
 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت