ئەو بانگخوازە عێراقییەی هێرشیکردە سەر عومەری کوڕی خەتاب راپێچی دادگە دەکرێت

22-03-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، دادگەیەکى بەغدا رێوشوێنى یاسایی لەدژى بانگخوازێکى شیعە دەگرێتەبەر، ئەوەش لەدواى بڵاوبوونەوەى گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە تێیدا هێرش دەکاتە سەر عومەرى کوڕى خەتاب، سێیەم خەلیفەى موسڵمانان.
 
رۆژی 22ـى ئادارى 2023، وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، تیمەکانى چاودێریى بڵاوکراوە نەرێنییەکانى سەر بەو وەزارەتە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە گرتەیەکى ڤیدیۆیی کەسێک کردووە، کە بە گوتەى ئەو وەزارەتە ناوەڕۆکەکەى ئاماژەیە بۆ دووبەرەکى و دژ بە یەکگرتوویی نیشتمانی.
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق ئاماژەى بەوەشداوە، جەواد حەسەن حرجان کە بە شێخ جەواد ئیبراهیمى ناسراوە، لەو گرتە ڤیدیۆییەدا قسە دەکات و دادگەى لێکۆڵینەوەى کەرخى بەغدا کە تایبەتە بە دۆسیەکانى راگەیاندن و بڵاوکردنەوە، رێوشوێنى یاسایی لەدژى گرتووەتەبەر. 
 
شێخ جەواد ئیبراهیمى لە گرتەیەکى ڤیدیۆییەدا کە لە 21ـى ئادارى 2022 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، لە گردبوونەیەکدا هێرش دەکاتە سەر عومەرى کوڕى خەتاب، سێیەم خەلیفەى موسڵمانان.
 
رێوشوێنە یاساییەکان لەدژى دادگەى لێکۆڵینەوەى کەرخ لەدژى ئەو بانگخوازە شیعەیە بەگوێرەى ماددەى 372ـى یاسای سزادانى عێراقییە، کە تایبەتە بە بێڕێزی و دەستدرێژی بەشێوەیەکى ئاشکرا و راگەیێندراو بۆ سەر تایفەیەکى ئایینى و سرووتە ئایینییەکان. سزاکەشى دەگاتە سێ ساڵ بەندکردن.
 
پێشتر لە ساڵى 2016 شێخ جەواد ئیبراهیمى لە کوێت دوورخرایەوە، کاتێک سەردانى ئەو وڵاتەى کرد بەمەبەستى پێشکێشکردنى چەند گوتارێک بۆ شوێنکەوتووانى شیعە لەو وڵاتە، بەهۆى تۆمەتبارکردنى بە بێڕێزیکردن بەرامبەر بە ژمارەیەک لە هاوەڵانى پەیامبەرى ئیسلام. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە